کوردپرێس:
ئەنجوومەنی ئاسایش نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەندراوێكی سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ عێراق و کوەیت بڵا وکردەوە و تێیدا هاتووە: "لەو سەردانەیدا شاندەکە پێشوازیان لەو پێشکەوتنانە کردووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ناویانە".
راگەیەندراوەکە جەختیش لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵکی عێراق لەلایەن حکوومەتی ناوەند دەکاتەوە، هانی بەغدا دەدات لە هەوڵەکانی بۆ چاکسازی و هەروەها دەوڵەمەندکردنی داهاتی نێوخۆیی بەردەوامبێت، ئەوەش لەپێناو بەجێهێنانی خواست و داواکانی خەڵکی عێراق.
ئەنجوومەنی ئاسایش هەوڵی تیمەکانی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە گرنگ دەزانێت بۆ دۆزینەوەو پاراستنی ئەو تاوانانەی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون.
لە 28 و 29ی حوزەیران، شاندێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی کوەیتیان کرد و لە 29ی حوزەیرانیش بۆ یەکەمجار سەردانی عێراقیان کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق و هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
ئامانج لەسەردانی شاندەکە پشتگیریکردن بوو لە پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەو چاکسازی و پێشکەوتنی عێراق لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانی زۆر بەر ژێرخانەکەی کەوتبوو.
Your Comment