وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق: بۆردومانی فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ئیدانه‌ ده‌که‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ توندی بۆردومانی فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی کورته‌ک له‌ بناری قه‌ندیل ئیدانه‌ و داوای ڕاگرتنی بۆردومانه‌کان ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ 29ی حوزه‌یرانی 2019 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاند: "عێراق سه‌رکۆنه‌ی بۆردومانی دوو فڕۆکه‌ی جه‌نگیی هێزی ئاسمانیی تورکیا ده‌کات که‌ به‌ چڕی بۆردومانی ناوچه‌ی کورته‌کیان کردووه‌ له‌ پاریزگای سلێمانی و بووه‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی چوار که‌س و برینداربوونی چواری‌تر، هه‌روه‌ها ئه‌و فڕۆکانه‌ خه‌ڵکی مه‌ده‌نییان تۆقاندووه‌."

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه:‌ "له‌ کاتێکدا به‌ توندی پێداگری ده‌که‌ین له‌سه‌ر بنیاتنانی په‌یوه‌ندییێکی ستراتێژیی دوورمه‌ودا و ڕێگری کردن له‌ به‌کارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر تورکیای دراوسێ، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا پێمان وایه‌ کرده‌ی سه‌ربازی تاکلایه‌نه‌ سه‌روه‌یی خاکی عێراق ده‌به‌زینێت، هه‌روه‌ها دژه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی په‌یوه‌ندیی باشی دراوسێیه‌تی که‌ په‌یوه‌ندیی دوو دراوسێی برا وه‌کوو وڵات و گه‌ل ڕێکده‌خات، هه‌روه‌ها به‌زاندنێکی گه‌وره‌ی یاسا نێوه‌ده‌وڵه‌تیه‌کان و مافی مرۆڤه‌."

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ کۆتاییی به‌یاننامه‌که‌یدا داوای ڕاگرتنی بۆردومانه‌کان ده‌کات و داوا له‌ تورکیا ده‌کات ڕێز بگرێت له‌ سه‌روه‌ریی عێراق و له‌بری ئه‌وه‌ هاوکاریی یه‌کتر بن بۆ پاراستنی سنووره‌کان.

سه‌رچاوه‌: مه‌وازین نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64655

Your Comment

You are replying to: .
captcha