گۆڤاری ئۆیل پرایس: ڕووسیا پاڵپشتییێکی زۆر له‌ ده‌سه‌ڵاتی بارزانییه‌کان ده‌کات

به‌شی جیهان- گۆڤاری ئۆیل پرایس نووسیی: ڕووسیا زیاتر له‌ هه‌ر وڵاتێکی‌تر خۆشحاڵه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و مه‌سروور بارزانی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و ناوچه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مانگی ئه‌کته‌وبری 2017 مه‌سعوود بارزانی وازی له‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان هێنا و چه‌ندین هه‌فته‌ پێش ئێستا و له‌سه‌ر ده‌نگی په‌رله‌مانتاران نێچیرڤان بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی نوێی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵبژێردرا. نێچیرڤان بارزانی چه‌ند ڕۆژ دوای هه‌ڵبژاردنی، مه‌سروور بارزانی ئامۆزای بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕاسپارد که‌ له‌ ئێستادا پۆستی ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. له‌ ڕاستیدا ئێستاکه‌ سێ پۆستی گرنگی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان (هه‌رچه‌ند به‌ شێوه‌ی کاتی)، سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌ستی پارتی دیموکراتی کوردستان‌ به‌ سه‌رکردایه‌تیی مه‌سعوود بارزانییه‌.

گۆڤاری به‌ناوبانگی ئۆیل پرایس که‌ ڕاپۆرت و شرۆڤه‌یێکی تێر و ته‌سه‌ل له‌باره‌ی ناوچه‌ نه‌وتخێزه‌کان و کاروباری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ئه‌و ناوچانه‌ ئاماده‌ ده‌کات له‌ شرۆڤه‌یێکی کورتدا له‌باره‌ی دواپێشهاته‌کانی ئه‌مدواییه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نووسیی: ڕووسیا خۆشحاڵترین وڵاته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی مه‌سروور و نێچیرڤان بارزانی.

ئه‌م گۆڤاره‌ ئاماژه‌ به‌ پێوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و سۆڤییه‌ت و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌ زه‌به‌لاحه‌کانی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ سه‌رکردایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ دوو کۆمپانیای زه‌به‌لاحی ڕۆسنه‌فت و گازپرۆم ده‌کات و ده‌نووسێت: ڕووسیا به‌ بۆنه‌ی هه‌ندێک هۆکاره‌وه‌ ده‌توانێت خۆشحاڵیی به‌رفراوانی خۆی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی بارزانییه‌کان به‌ مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌رببڕێت.

ئۆیل پرایس ده‌نووسێت: به‌ دوای هه‌ڵبژاردنی بارزانییه‌کان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی کوردستان، ڕووسیا ده‌توانێت به‌ خه‌یاڵێکی ئاسووده‌وه‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ دۆزینه‌وه‌ و ده‌رهێنانی نه‌وت و گاز له‌ دووره‌ده‌ست‌ترین ناوچه‌ی نه‌وتخێزی جیهان چڕ بکاته‌وه‌.

هاوکات ئه‌م گۆڤاره‌ ئاماژه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێستای ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کوردی عێراق ده‌کات و چۆنێتیی په‌یوه‌ندیی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کورد به‌ دووڕوویی وه‌سف ده‌کات چوونکه‌ گۆڤاره‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌مریکا به‌ڵێنی به‌ قیاده‌ کوردییه‌کانی عێراق دا‌ له‌جیاتی ته‌ڤل‌بوونی کورد به‌ هاوپه‌یمانیی دژه‌داعش پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات به‌ڵام به‌ بۆنه‌ی ترسی له‌ناوچوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌تایبه‌ت ئاماده‌بوون له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌ هه‌ره‌گه‌وره‌کانی عێراق پشتی له‌ کورد کرد.

ئۆیل پرایس له‌ درێژه‌دا ده‌نووسێت: ئه‌مریکا له‌ دانووستانی نهێنی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ کوردییه‌کان پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆییی کوردی عێراق ده‌کات به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر ڕای گشتییه‌وه‌ هۆشداری به‌ کورد ده‌دات بۆ گرتنه‌به‌ری پڕۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌روا که‌ ئێمه‌ ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی ساڵی 2017 و هه‌وڵی قیاده‌ کوردییه‌کانی عێراق بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ بینی.

ئه‌م گۆڤاره‌ له‌ کۆتاییدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ڕووسیا و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌رژه‌وه‌ندیی و سوودێکی زۆر له‌ هاوکاریی له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌بینن چوونکه‌ پێوه‌ندیی له‌مێژینه‌وه‌ی سۆڤییه‌ت له‌گه‌ڵ بارزانییه‌کان به‌هێزتربوونه‌وه‌ی ئه‌وانی به‌دواوه‌ بوو و له‌ ئێستادا ڕووسیا سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی و ده‌رهێنانی نه‌وته‌ له‌ دووره‌ده‌ست‌ترین ناوچه‌ی نه‌وتخێزی جیهاندا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64640

Your Comment

You are replying to: .
captcha