شوێنه‌وارێكی‌ دێرین له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دۆزرایه‌وه‌

به‌شی جیهان- زانکۆی تۆبیگنی ئه‌ڵمانیا ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: به‌هۆی گه‌رم بوونی که‌شوهه‌وا و دابه‌زینی ئاستی ئاوه‌وه‌ کۆشک و شوێنه‌وارێکی‌ دێرین له‌ هه‌رێمی کوردستان دۆزراوه‌ته‌وه‌ که‌ مێژووه‌که‌ی‌ بۆ (3400) ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، زانکۆی تۆبیگن له‌ ئه‌ڵمانیا باسی له‌وه‌ کرد: ئه‌گه‌رچی وشکه‌ساڵی کارتێکه‌رییێکی نه‌رێنی به‌دواوه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام وشکه‌ساڵی ڕابردوو بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی شوێنه‌وارێکی گرنگی که‌ونینه‌ناسیی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ نزیک به‌نداوی مووسڵدایه‌ ده‌ربکه‌وێت و لێکۆڵه‌ران توانییان پازێلێکی شارستانییه‌ت له‌و ناوچه‌یه‌ بدۆزنه‌وه‌.

زانکۆ ئه‌ڵمانیاکه‌ جه‌ختی کرده‌وه‌ که پاییزی ڕابردوو‌ کۆنینه‌ناسانی ئه‌ڵمانی به‌ یارمه‌تیی کۆنینه‌ناسانی هه‌رێمی کوردستان توانییان کۆشکه‌ 3400 ساڵه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان بدۆزنه‌وه‌.

ئیڤانا پۆلجیز شوێنه‌وارناسی زانکۆی‌ (تۆبیگن) به‌ هه‌واڵده‌ریی DPIی ئه‌ڵمانیای گوت: شوێنه‌واره‌ 3400 ساڵه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان له ‌نزیک به‌نداوی‌ مووسڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ تێگه‌یشتنی‌ زیاتر له‌ مێژوی‌ ئیمپراتۆریه‌تی‌ میتانی‌ که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ئیمپراتۆریه‌تانه‌ی‌ که‌مترین لێکۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر کراوه‌.

ناوبراو زیادی کرد: ئه‌م بینایه‌ به‌ شێوه‌یێکی‌ زۆر زیره‌كانه‌ نه‌خشه‌ی‌ بۆ داڕێژراوه‌ و دیواره‌کانی‌ له‌ خشت پێکهاتوون که‌ هه‌ندێکیان به‌رزییه‌که‌یان ده‌گاته‌ (6.6) پێ، هه‌روه‌ها ژماره‌یێکی‌ زۆر ژوور ئه‌م دیوارانه‌یان به‌یه‌که‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌. پێگه‌ی‌ شوێنه‌واره‌كه‌ (65) پێ له‌ ئاستی‌ ڕووباری‌ دیجله‌وه‌ به‌رزه‌ و دیواری‌ خشتیی‌ بۆ دروست کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیناکه‌ به‌ پارێزراوی‌ بمێنێته‌وه‌.

ئیڤانا پۆلجیز جه‌ختی کرده‌وه‌: ژماره‌یێکی‌ زۆر نووسین و وێنه‌مان له‌سه‌ر دیواره‌کانی‌ باڵه‌خانه‌كه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ ڕه‌نگی‌ شین و سوور نوسراون و وای‌ بۆ ده‌چین كه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر باو بووبێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رسوڕمانی‌ ئه‌م تیمه‌ بووه‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و وێنانه‌ بووه‌ وه‌ک خۆی‌ تاوه‌كوو ئێستا.

حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د قاسم که‌ شوێنه‌وارناسێکی‌ کوردی هه‌رێمی کوردستانه‌ به‌ هه‌واڵده‌ریی DPIی ئه‌ڵمانیای ڕاگه‌یاند‌: ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ یه‌کێکه‌ له‌ گرنگترین دۆزینه‌وه‌کانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌م سه‌ده‌یه‌دا که‌ دۆزرابێته‌وه‌.

هه‌ر له‌و دۆزینه‌وه‌ نوێیه‌دا ده‌ پارچه‌ به‌ردی‌ قوڕین دۆزراونه‌ته‌وه‌ که‌ شێوازێکی‌ کۆنه‌ بۆ نووسین به ‌كار هاتوون و به‌ مه‌به‌ستی‌ لێکۆڵینه‌وه‌ نێردراون بۆ ئه‌ڵمانیا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64635

Your Comment

You are replying to: .
captcha