کوردپرێس:
کۆلۆنێڵ لێڤاتۆ فه‌رمانده‌ی نوێی سه‌نته‌ری مه‌شق و هه‌ماهه‌نگی كوردستان KTCC ده‌ڵێت: "داعش هێشتا توانا و پاشماوه‌ی ماوه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر عێراق هه‌یه، ئێمه به‌ڵێن ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه کورده‌کانمان کاری چڕ و پڕ بکه‌ین، ده‌مانه‌وێت له ماوه‌ی داهاتوودا فه‌رمانده‌ی ڕاهێنراوی باشتر له‌وه‌ی که هه‌یه به‌رهه‌م بهێنین."
له كاتێكدا كه ئیتاڵیا یه‌کێکه له وڵاته کاریگه‌ره‌کانی ناو هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش به شێوه‌یێک که نزیکه‌ی 30%ی پرۆسه‌ی مه‌شقی سه‌ربازی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، له کوردستانیش جیا له مه‌شق پێکردنی هه‌زاران پێشمه‌رگه ئێستا پرۆسه‌ی ڕاهێنانی ڕاهێنه‌ری پێشکه‌وتووی سه‌ربازیشیان هه‌یه و هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا جه‌نه‌راڵ نیکۆڵا ته‌رزانۆ جێگری فه‌رمانده‌ی هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش بۆ كاروباری مه‌شق و ڕاهێنان بۆ كوردستان 24ی جه‌ختی كرده‌وه که پێویستیان به هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه چوونکه هێشتا داعش ده‌توانێ سوود له ناکۆکییه‌کان وه‌ربگرێت.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی ڕه‌تیشی کرده‌وه هێزه‌کانی وڵاته‌که‌ی له ژێر هیچ هه‌لومه‌رجێکدا بکشێنه‌وه و دووپاتی کرده‌وه که دوای به‌رنامه‌ی مه‌شق و ڕاھێنان وه‌ک ڕاوێژکاری سه‌ربازی ده‌مێننه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پلانمان هه‌یه دوای ته‌واوبوونی یه‌کجاری پرۆسه‌ی مه‌شق هه‌ر لێره بمێنینه‌وه و کاری ڕاوێژکاری سه‌ربازیی بکه‌ین، ئێمه له پرسی مه‌شقدا هیچ کێشه‌یێکمان ڕووبه‌ڕوو نه‌بووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌کان په‌یوه‌ندیی تۆکمه‌مان هه‌یه، هه‌موومان وه‌ک یه‌ک تیم و به‌شێک له هاوپه‌یمانێتی کار ده‌که‌ین.
ناوبراو دووپاتیشی ده‌كاته‌وه: پێویسته هه‌ماهه‌نگییێكی زۆر له نێوان پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌کاندا هه‌بێت و ئه‌مه ده‌بێته هۆی نه‌هێشتنی ئه‌و درزانه‌ی داعش سوودی لێده‌بینێت.
ئه‌مه له كاتێكدایه نزیكه‌ی 200 ڕاوێژكاری سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ 530 ڕاوێژكاری سه‌ربازی له وڵاتانی ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا، نه‌رویج، هۆڵه‌ندا و فینله‌ندا له ژێر ناوی سه‌نته‌ری (KTCC) ڕاهێنان به 2500 پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن.
ڕاهێنانه‌کان هه‌ر له به‌کارهێنانی چه‌کی جۆراوجۆره‌وه ده‌ست پێده‌کات تا ده‌گاته نه‌خشه‌کێشانی پلانی ستراتێژی و هاوکاری بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزه‌کان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment