تورکیا ده‌یهه‌وێت بۆ هه‌میشه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان بمێنێته‌وه‌/ مه‌تین گۆرجان

به‌شی وتار/ جیهان- تورکیا ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌کانی دژی په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان چڕ کردو‌وه‌ و ده‌یهه‌وێت بنکه‌ و نفووزی سه‌ربازیی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌ زیاتر بکات.

کوردپرێس:

ژماره‌یێک سه‌رچاوه‌ی ئه‌منی به‌ ئه‌لمۆنیتۆریان ڕاگه‌یاند: تورکیا ئۆپه‌راسیۆنی زه‌وینی و ئاسمانی دژی په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌ست پێکردووه‌ و به‌و کاره‌شه‌وه‌ ده‌یهه‌وێت بۆ هه‌میشه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان بمێنێته‌وه‌. مانگی ڕابردوو تورکیا ئۆپه‌راسیۆنێکی له‌ژێر ناوی "چنگ" بۆ سه‌ر بنکه‌ و باره‌گای په‌که‌که‌ له‌ ناوچه‌ی خواکۆرکی باکووری هه‌رێمی کوردستان ده‌ست پێکرد. ناوچه‌ی شاخاویی خواکۆرک ڕووبه‌رێکی 13 هه‌زار کیلۆمه‌تری چوارگۆشی هه‌یه‌ که‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌ له‌ بناری قه‌ندیل و بنکه‌ ستراتێژیکه‌کانی په‌که‌که‌ له‌و ناوچه‌یه‌دایه‌. به‌بۆنه‌ی دۆخی که‌شوهه‌وا و به‌رده‌ڵانی و سه‌خڵه‌ت‌بوونی ناوچه‌که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ناتوانێت ئه‌و ناوچه‌یه‌ کۆنتڕۆڵ بکات. تورکیا ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ تاکوو ئیستا 51 هێزی په‌که‌که‌یان کوشتووه‌ یان ده‌ستگیر کردووه‌ و زیاتر له‌ 100 حه‌شارگه‌ و دامه‌زراوه‌ی لۆجستیی په‌که‌که‌ی له‌ ناوچه‌که‌ له‌ناو بردووه‌. تورکیاش وه‌ک زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوایی په‌که‌که‌ به‌ گرووپێکی تیرۆریستی ده‌زانێت.

زیاتر له‌ 4 هه‌زار هێز بریتی له‌ دوو فه‌وجی کۆماندۆیی سوپا و هێزی جه‌نده‌رمه‌ی تورکیا له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا به‌شدارن که‌ تاکوو ئێستا 4 سه‌ربازی تورکیاش له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کاندا کوژراون.

بۆ یه‌که‌مین جار مووشه‌کی زه‌وی به‌ زه‌ویی بۆرا که‌ له‌ ناو تورکیا دروست کراوه‌ له‌ ڕێگای فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وانی TB2 و هه‌روه‌ها فڕۆکه‌ی F-16وه‌ به‌کار هێنراوه‌ که‌ له‌ ناوه‌ندی فه‌رمانده‌ییی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا له‌ پارێزگای جۆله‌مێرگ هاوێژراوه‌.

ئه‌نقه‌ره‌ به‌ به‌کارهێنانی مووشه‌کی بۆرا و تۆپهاوێژی گه‌رده‌لوولی هاویتزر که‌ له‌ سنووره‌کانیدا به‌کاری هێناوه‌، ئاستی هاویشتنی ئه‌و مووشه‌کانه‌ له‌ سنووره‌ هاوبه‌شه‌کانی له‌گه‌ڵ عێراق له‌ 40 کیلۆمه‌تره‌وه‌ بۆ 280 کیلۆمه‌تر زیاد کردووه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تورکیا له‌ داهاتوودا به‌ ئاستێکی به‌رفراوانتر مووشه‌کی بۆرا دژی په‌که‌که‌ له‌ عێراق و سووریا به‌کار ده‌هێنێت.

ئۆپه‌راسیۆنی ئێستای تورکیا دژی په‌که‌که‌ 6 ئامانجی له‌ پشته‌وه‌یه‌:

1) سنووردارکردنی توانای قه‌ندیل و له‌ناوبردنی تۆڕی لۆجستیی په‌که‌که‌ له‌ ناوچه‌که‌ که‌ به‌مه‌به‌ستی دزه‌کردن بۆ ناو تورکیا به‌کاری ده‌هێنێت.

2) له‌ناوبردنی ئه‌و سه‌رچاوه‌ داراییانه‌ که‌ ڕێگه‌ به‌ چالاکیی زیاتری په‌که‌که‌ ده‌دات

3) بڕینی ڕێگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی نێوان باکووری عێراق و باکووری سووریا که‌ له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هێزه‌ سوورییه‌کانی سه‌ر به‌ په‌که‌که‌یه‌.

4) ڕاکێشانی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌پێناو کۆنتڕۆڵ‌کردنی چیای خواکۆرک و زیاترکردنی گوشاره‌کان بۆ سه‌ر هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ قه‌ندیل.

5) له‌ناوبردنی نفووزی په‌که‌که‌ له‌ سلێمانی و چاره‌سه‌رکردنی له‌مپه‌ره‌ سیاسی و ئابوورییه‌کانی هاوپه‌یوه‌ند به‌و بابه‌ته‌ له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.

6) هه‌لقۆستنه‌وه‌ی سیاسیی ناوخۆیی له‌و بابه‌ته‌ پاش به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی تورکیا بۆ به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ هێزی کوردی سووریا.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌نقه‌ره‌ که‌ ئه‌لمۆنیتۆر دیمانه‌ی له‌گه‌ڵیان کردووه‌ ده‌ڵێین: ئۆپه‌راسیۆنی چنگ وه‌ک ئۆپه‌راسیۆنی ده‌مه‌وبه‌یانی ساڵی 1997 وایه‌ که‌ 6 هه‌زار هێزی سوپای تورکیا و 8 هه‌زار هێزی پێشمه‌رگه‌ تێیدا به‌شدار بوون. ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ نزیکه‌ی سێ مانگی خایاند و له‌ ئه‌نجامدا سوپای تورکیا به‌ یارمه‌تیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان بنکه‌ی سه‌ربازی له‌ باکووری عێراق دروست کرد. تورکیا له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا جگه‌ له‌ دروست‌کردنی بنکه‌ له‌ کانی ماسی و بمامی چه‌ندین بنکه‌ی تایبه‌تیشی له‌ زاخۆ، دهۆک، باتۆفا، بگووا، ئه‌حمه‌دیه‌ و شیلادزێ دروست کرد. دروست‌کردنی بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانی تورکیا وای کرد که‌ سێ هێڵی به‌رگری له‌ به‌رانبه‌ر په‌که‌که‌ له‌ چیای گرا، چیای مه‌تینا و ناوچه‌ی زاب- ئاڤاشین دروست بکات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چڕی جووڵه‌ی په‌که‌که‌ له‌ باکووری عێراق سنووردار بکات.

سه‌رچاوه‌یێکی ئه‌منی که‌ باڵاده‌سته‌ و نه‌یویستووه‌ ناوه‌که‌ی بدرکێندرێت گوتی: به‌بۆنه‌ی دۆخی که‌شوهه‌وا و هه‌روه‌ها سه‌خڵه‌ت‌بوونی خواکۆرک، تورکیا نایهه‌وێت وه‌ک ڕابردوو له‌وان ئۆپه‌راسیۆنی خۆڕ له‌ ساڵی 2008 ئۆپه‌راسیۆنی لێده‌ و ڕاکه‌ ئه‌نجام بدات به‌م بۆنه‌یه‌ که‌ ده‌یهه‌وێت بۆ ماوه‌یێکی درێژخایه‌ن له‌و ناوچه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌که‌ ڕای‌گه‌یاندووه‌: ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یهه‌وێت له‌ ڕێگای ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی و پشتیوانیی چالاکانه‌ی کورده‌کانی هه‌ولێر و ڕه‌زامه‌ندیی به‌غدا ناوچه‌یێکی ئه‌منیی بچووک له‌ ناوچه‌ ژێر کۆنتڕۆڵی په‌که‌که‌ له‌ خواکۆرک دروست بکات. ئه‌م ناوچه‌ ئه‌منییه‌ به‌مه‌به‌ستی سنووردارکردنی جووڵه‌ی په‌که‌که‌ و یارمه‌تی به‌ ئاسایشی تورکیا دروست ده‌کرێت.

ئه‌م سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌ به‌ ئه‌لمۆنیتۆری ڕاگه‌یاند: ئێمه‌ ده‌زانین که‌ نه‌ هه‌ولێر و نه‌ به‌غدا ناتوانن به‌ ته‌نهایی په‌که‌که‌ له‌ ناوچه‌ی خواکۆرک ده‌ربکه‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی که‌ ئه‌لمۆنیتۆر په‌یوه‌ندیی پێیانه‌وه‌ گرتووه‌ ڕایان‌گه‌یاند که‌ له‌ قۆناغی دواتری ئۆپه‌راسیۆنی چنگ، سوپای تورکیا و هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک ساڵی 1997 ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام ده‌ده‌ن و پێده‌چێت پاش ده‌رکردنی په‌که‌که‌ له‌و ناوچه‌یه‌، خواکۆرک دووباره‌ له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ بکرێت. تورکیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ ئۆپه‌راسیۆنی چنگی له‌ دوایین ڕۆژانی مانگی مه‌ی و پاش سه‌ردانی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق بۆ ئه‌نقه‌ره‌ و سه‌فه‌ری عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ تورکیا ده‌ست پێکرد. مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ بوو. ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ هه‌ولێر پشتیوانی له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ خواکۆرک ده‌کات به‌ڵام به‌غدا بێده‌نگی گرتۆته‌به‌ر.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌کان باسیان له‌ بواری ئابووریی ئۆپه‌راسیۆنی چنگ کرد و ڕایا‌ن‌گه‌یاند که‌ هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ هه‌وڵه‌کانیان بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندیی ئابووریی نێوان دوو لایه‌ن چڕ کردووه‌ و مه‌به‌ست له‌ ئۆپه‌راسیۆنی چنگی تورکیا په‌ره‌پێدانی هه‌میشه‌ییی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانی نێوان سلێمانی و ناوچه‌ی سه‌ربازیی تورکیایه‌. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی هێزه‌کانی تورکیا و پێشمه‌رگه‌ جاده‌کان ئه‌من ده‌کاته‌وه‌ ڕێڕه‌وی سلێمانی- جۆله‌مێرگیش ده‌توانێت ببێته‌ سه‌رچاوه‌یێکی ئابووری له‌ ئاستی باڵادا.

به‌ڵام مومکینه‌ سێ هۆکار ڕاسپارده‌ییی ئه‌نقه‌ره‌ به‌ره‌وڕووی ئاسته‌نگ بکاته‌وه‌: یه‌که‌م؛ تورکیا له‌ ڕووی ژماره‌ی هێزی سه‌ربازییه‌وه‌ کێشه‌ی هه‌یه‌ چوونکه‌ یه‌که‌ سه‌ربازی و تایبه‌ته‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوچه‌یێکی دیکه‌دا چالاکی ده‌که‌ن. دووهه‌م؛ دیار نییه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن دژی په‌که‌که‌ تا چ ڕاده‌یێک هاوکاری له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی سوپای تورکیا ده‌کات و له‌ ئه‌نجامدا؛ له‌ دوایین ڕۆژانی مانگی ئه‌کته‌وبردا ناوچه‌که‌ ڕه‌نگی زستان له‌خۆ ده‌گرێت.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمۆنیتۆر

وه‌رگێڕان بۆ کوردی: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64613

Your Comment

You are replying to: .
captcha