کوردی سووریا داوا له‌ ئه‌مریکا ده‌کات پشتیوانی له‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی خۆسه‌ر بکات

به‌شی جیهان- به‌رپرسێکی کوردی سووریا داوا له‌ ئه‌مریکا ده‌کات که‌ پاش کۆتایی‌هاتنی داعش ده‌ورێکی به‌رچاوتر بۆ جێگیربوونی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا بگێڕن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ساڵی 2014 که‌ شاری کوردنشینی کۆبانێ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ کرایه‌ ئامانج هاوپه‌یمانیی نێوان کورد و ئه‌مریکا ده‌ستی پێکرد و واشنتۆن جگه‌ له‌ ناردنی چه‌کوچۆڵی سه‌ربازی بۆ کورد زیاتر له‌ 2 هه‌زار هێزیشی به‌ مه‌به‌ستی ڕاوێژ و ڕاهێنانی سه‌ربازیی ئه‌و هێزانه‌ ڕه‌وانه‌ی سووریا کرد. پاییزی ساڵی ڕابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا چه‌ندین جار ئاماژه‌ی به‌ شکستی خه‌لافه‌تی داعش له‌ سووریا و کۆتایی‌هاتنی ڕاسپارده‌ییی هێزه‌کانی ئه‌مریکا و کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له‌و وڵاته‌ کرد.

به‌رپرسێکی کوردی سووریا که‌ له‌ ئێستادا نوێنه‌ری ئیداره‌ی خۆسه‌ری کوردی باکووری سووریا له‌ ئه‌مریکایه‌ پێی وایه‌ که‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا پێویستی به‌ پشتیوانیی زیاتری ئه‌مریکا هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ نابێت ئه‌مریکا له‌ سووریا بکێشێته‌وه‌ به‌ڵکوو ده‌بێ ڕۆڵێکی به‌رچاوتر بۆ جێگیربوونی سه‌قامگیری له‌ سووریا و به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ ته‌نگه‌ژه‌کان بگێڕێت.

سینه‌م محه‌مه‌د نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی دیموکراتی سووریا لقی سیاسیی هێزی دیموکراتی سووریا به‌ سه‌رکردایه‌تیی کورد له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ڕای‌گه‌یاند: ده‌بێ ئه‌مریکا ڕۆڵێکی به‌رچاوتر بۆ به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ ئه‌نگه‌ژه‌کانی ڕابردوو بگێڕێت که‌ له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد دروست بووه‌. له‌ چه‌ندین مانگی ڕابردوودا ژماره‌یێک له‌ هۆزه‌ عه‌ره‌به‌کانی دانیشتووی پارێزگاکانی دێره‌زوور و حه‌سه‌که‌ خۆپیشاندانیان کرد و کورده‌کانیان به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵاوارده‌یی و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌ب تۆمه‌تبار کرد.

سینه‌م محه‌مه‌د به‌ VOAی وت: "له‌ ئێستادا ده‌بێ ئه‌مریکا ته‌رکیز له‌سه‌ر ته‌نگه‌ژه‌ی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد بکات و ڕێگر بێت له‌ سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕێکی نوێ له‌ ناوچه‌که‌دا."

ناوبراو ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێ ئه‌مریکا ته‌رکیز له‌سه‌ر جێگیربوونی سه‌قامگیریی زیاتر له‌ سووریا بکات و هه‌وڵه‌کانی بۆ چاره‌کردنی قه‌یرانی سیاسیی سووریا چڕ بکاته‌وه‌. له‌ ئێستادا که‌ داعش به‌ یارمه‌تیی ئه‌مریکا شکستی هێناوه‌ ئه‌مریکا به‌ ئاڕاسته‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌باره‌ی سووریا دینامیکیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی نوێی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له‌به‌رچاو بگرێت.

ژماره‌یێک له‌ شرۆڤه‌کاران پێیان وایه‌ که‌ سیاسه‌تی ئه‌مریکا له‌ سووریا ته‌نها ته‌رکیزی له‌سه‌ر پشتیوانی له‌ کورد کردووه‌ که‌ ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریکادا نییه‌.

به‌سام ئه‌بوو عه‌بدوڵڵا توێژه‌ری زانستی سیاسی و مامۆستای پێشووی زانکۆی دیمه‌شق له‌مباره‌وه‌ به‌ VOAی ڕاگه‌یاند: ئه‌مریکا له‌ سووریا ته‌نها فوکووسی له‌سه‌ر پشتیوانی له‌ کورده‌کان کردووه‌. ده‌بێ ئه‌و وڵاته‌ له‌ سووریا بکێشێته‌وه‌ و ڕێگه‌ بدات خه‌ڵکی سووریا له‌ ڕێگای به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی خۆجێیه‌وه‌ داهاتووی خۆیان دیاری بکه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64611

Your Comment

You are replying to: .
captcha