سووکایەتی کردن بە جلوبەرگی کوردی، پارێزگاری کرماشان دێنێتە سەر خەت

بەشی کرماشان- پارێزگاری کرماشان فەرمانی کرد مەسەلەی سووکایەتی کردن بە جلوبەرگی کوردی کە لە دایرەی "تامین اجتماعی" بە هاووڵاتییێک کراوە لەدواداچوونی بۆ بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس هووشەنگ بازوەند لەبارەی سووکایەتی کردن بە جلوبەرگی کوردی کە فەرمانبەرێکی دایرەی "تامین اجتماعی"ی شاری جوانڕۆ بەرانبەر بە هاووڵاتییێک کردوویەتی هاتە دەنگ و فەرمانی کرد بەشێوەی پێویست بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکرێت.

بازوەند گوتیشی ڕێز گرتن مافی هاووڵاتییان ئەرکی هەمووانە و بێ ڕێزی کردن قووبڵ ناکرێت بۆیە پێویستە بەدواداچوونی جدی بکرێت بۆ مەسەلەی سووکایەتی کردن بە جلوبەرگی کوردیی هاووڵاتییێک کە سەردانی دایرەی "تامین اجتماعی"ی کردووە.

هەر بە پێی فەرمانەکەی پارێزگاری کرماشان سەید عەلا حەیدەری وەکوو بەرپرسی بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە دیاری کرا.

شایانی باسە شەهاب حسێنی نوێنەری پاوە و جوانڕۆ لە پەرلەمانی ئێرانیش پێش دوو ڕۆژ ئەو بابەتەی لە پەرلەمان ورووژاند و هۆشداریی بە بەڕێوەبەری گشتیی "تامین اجتماعی"ی ئێران دا کە چۆن فەرمانبەرێکی دایرەکەیان ڕێگەی ئەوەی پێدراوە سووکایەتی بە جلوبەرگی کوردی بکات.

News Code 64552

Your Comment

You are replying to: .
captcha