کوردپرێس:
موسه‌ننا ئه‌مین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی کوردستان له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی په‌یام ڕه‌خنه له هه‌نگاوه‌كانی سێ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كورد ده‌گرێت له به‌دواداچوونیان له‌سه‌ر كه‌یسی نه‌وت و ڕایده‌گه‌یێنێت: "تێبینی له‌سه‌ر شێوازی كاركردنی هه‌ر سێ په‌رله‌مانتار (هۆشیارعهبدوڵڵا، ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید، سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌ددین) له دۆسیه‌ی نه‌وت هه‌یه. گه‌وره‌كردنی پرسی گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافی نه‌وت له ئێستادا له‌لایه‌ن هه‌ر سێ په‌رله‌مانتاری كورد له به‌غداد و سه‌ردانیان بۆ دادگا زیانی ده‌بێت بۆ كورد و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی تووشی ئیحراجی بكه‌ن."
ناوبراو له به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "ئه‌و كاره‌ی ئه‌و سێ په‌رله‌مانتاره كردوویانه به ڕۆژنامه‌نووسێكیش ده‌كرێت و ئه‌وان ته‌نها چون زانیاری‌یان له دادگا وه‌رگرتووه و ناتوانن ده‌ستوه‌ر بده‌نه كاروباره‌كانی دادگا چوونكه به‌پێی یاسا ده‌ستوه‌ردان له كاروباری یاسا به تاوان ئه‌ژمار ده‌كرێت بۆیه پێویسته له‌وه زیاتر عادل عه‌بدولمه‌هدی ئیحراج نه‌كه‌ین و له‌م كاته‌دا ورووژاندنی ئه‌م بابه‌ته له به‌رژه‌وه‌ندیی كورد و عادل عه‌بدولمه‌هدیدا نییه".
شایانی باسه؛ له ماوه‌ى ڕابردوودا هه‌ر یه‌که له په‌رله‌مانتارانى کورد له په‌رله‌مانى عێراق (هۆشیار عه‌بدوڵڵا، ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید، سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌ددین) له سکاڵایان له‌سه‌ر حکوومه‌تى هه‌رێم ده‌رباره‌ی مه‌له‌فى نه‌وت له دادگاى فیدڕاڵى کرده‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment