بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ڕووداوی گوت: "ئەم هەفتەیە، هەفتەی کۆتایی ململانێ و کۆبوونەوەکان و گفتوگۆکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، رەنگە بە ئاراستەیەکیش بڕوات بگاتە ئاستی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، بۆیە گفتوگۆکان لە نێوماڵی شیعە لەم رۆژانە دەبێتە یەکلا بکرێتەوە."
گوتیشی: "دووبارە دروستبوونەوەی سێیەکی پەکخەر بە واتای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دێت، بەڵام قورسە سێیەکی پەکخەر دروستبێتەوە، چوونکە 73 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر کشاونەتەوە و ئەوانەی لە جێگەیان هاوتونەتە پەرلەمان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگین."
هەرێم کەمال ئاغا، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە رژدین لەسەر کاندیدی خۆمان کە بەرهەم ساڵحە، پارتیش پێداگری لە بەربژێری خۆی دەکات، هەربۆیە بە دوو تیمی جیاواز لە بەغدا هەریەکە و کار بۆ بەربژێری خۆی دەکات، هیوادارین بتوانین لەم رۆژانەدا لەسەر ئەو پرسە بگەینە رێککەوتن."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێت: "ئەگەر کورد لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکنەکەوێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگ بە بەربژێری یەکێتی دەدات."
هەرێم کەمال ئاغا ڕاشیگەیاند: چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیانەوێت یەکێتی و پارتی بەشداربن لە حکومەتدا و هەردووکیان پێکەوە کاریگەرییان زیاتر دەبێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نایەوێت پارتی و یەکێتی فەرامۆش بکات.
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات: "پێمان باش نییە پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بکشێتەوە، ئەگەریش پارتی بەشداری حکوومەت نەکات، یەکێتی بەشداریی حکوومەت دەکات." جەختی لەوەش کردەوە: "هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی دیاری نەکراوە."
Your Comment