بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێگەى فەرمى پارتى بڵاوی کردەوە مەحموود محەمەد وتەبێژى پارتى دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "لە ئێستادا پەڕاوێکی لێكتێگەیشتن لەنێوان پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆ کراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای هاوبەشی و ڕێكکەوتن و هاوسەنگی لە حوکمڕانی عێراق، هەروەها لهسهر بنهمای کۆمەڵێک بابەتی دیکە، کە بەلای هەردوو لایانەوە گرینگن".
ناوبراو روونیشیکردەوە، لێکتێگەیشتنەکە پهیوهستە بە بابەتی مافەکان و شایستە داراییەکان، مادەی (140) و ناوچە جێناکۆکەکان، هەروەها کۆمەڵێک لەو بابەتانەی تا ئێستا چارەسەر نەکراون و لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی به ههڵواسراوی ماونهتهوه.
وتەبێژى پارتی جەخت دەکاتەوە، کە چاوەڕێن تا بزانن هەنگاوەکانی ئەو لایەنانەی دیکەی کە ئێستا دەیانەوێ حکوومەت پێکبێنن چۆن دەبێت، وەک پارتی دوورە پەرێز نابن و لەو بابەتەدا خاوەن بڕیار دەبن.
مهحموود محهمهد، دۆخی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ناتەبا ناو دەبات و نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە تا ئێستا بۆ جێگرەوەی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران، رێکنەکەوتوون و هەریەکە و کاندیدی خۆیان هەیە.
لەبارەى پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، وتەبێژى پارتى دەڵێت: "بێگومان حکوومەت دروست بکەن دەکەوێتە سەر ئەو بابەتە، ئەوە ئەوە نییە کە ئێستا بڵێین بەڵێ یان نەخێر، لەبەر ئەوەی دەمێنێتەوە سەر ئەو گفتوگۆیانەی دەکرێت، لەناو خۆیاندا، چ لەگەڵ ئێمە و سوننەکاندا، چ لەگەڵ کورد چ لەگەڵ سونەکاندا. لەبەینی خۆشیاندا لە هەمووشی گرینگتر ئەوەیە، کە چەند لەناوخۆیاندا هەماهەنگ دەبن، بۆ ئەوەی کە چ باس بکەن لەگەڵ کورد، چ باس بکەن لەگەڵ سوننە".
هەروەها لەبارەى پۆستى سەرۆککۆمار، وتەبێژى پارتى جەختی کردەوە "ئێمە نوێنهر و کاندیدی خۆمان هەیە، تا ئێستاش پشتگیری کاندیدەکەمان دەکەین".
Your Comment