وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم: سەرچاوەی هێرشه‌که‌ لەو شوێنەوە ئه‌نجام دراوه‌ که‌ پێشتر هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ هه‌ولێر کردبوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم ڕایگەیاند سەرچاوەی هێرشه‌کەی سەر ڕێگای هەولێر پیرمام‌ لەو شوێنەوە ئه‌نجام دراوه‌ که‌ پێشتر هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ هه‌ولێر کردبوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وه‌زیری ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، بریندارانی ته‌قینه‌وه‌که‌ی ئه‌مشه‌وی سه‌ر رێگای نێوان هه‌ولێر-پیرمامی به‌سه‌رکرده‌وه‌ و له‌ لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌م رووداوه‌ چه‌ندینجاره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ماوه‌کانی رابردووشدا شاری هه‌ولێر کراوه‌ته‌ ئامانج له‌لایه‌ن چه‌ند گرووپێکه‌وه‌ که‌ له‌لای یاسا به‌ده‌رن، پێشتریش هه‌ڕه‌شه‌یان کردووه‌.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د راشیگه‌یاند، "ئه‌مشه‌و هاتین به‌ناوی سه‌رۆکی حکوومه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستی سه‌ردانی ئه‌و هاوڵاتیانه‌مان کرد که‌ له‌کاتی هاتوچۆی ئاسایی خۆیان له‌سه‌ر رێگای نێوان هه‌ولێر و شارۆچکه‌ی پیرمام بوونه‌ته‌ ئامانج، رووداوه‌که‌ش وه‌ک زۆر جاری پێشوو، به‌ڕێگای فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وان و درۆنی بۆمبڕێژکراو بووه‌، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و رووداوه‌ش چه‌ند ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتیان تێکچوونه‌ و چه‌ند که‌سێکیش کێشه‌ی ته‌ندروستیان بۆ دروستبووه‌، بارودۆخی ته‌ندروستی یه‌کێک له‌برینداره‌کان باش نییه‌".

ناوبراو وتیشی: "ئه‌م رووداوه‌ چه‌ندینجاره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ماوه‌کانی رابردووشدا شاری هه‌ولێر کراوه‌ته‌ ئامانج له‌لایه‌ن چه‌ند گرووپێکه‌وه‌ که‌ له‌لای یاسا به‌ده‌رن، له‌کاتێکدا چه‌ندجارێکی دیکه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان کردووه‌ که‌ شاری هه‌ولێر ده‌که‌نه‌ ئامانج".

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌ش کرد، "له‌ئێستادا تیمه‌کانمان راسپاردووه‌ و سه‌رقاڵی لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایین و بۆ ده‌ستنیشان کردنی سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌که‌ و ئه‌و شێوازه‌ی به‌کارهاتووه".

News Code 6165

Your Comment

You are replying to: .
captcha