بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاردۆ محەمەد رێکخەرى ژووری پەرلەمانى بزووتنەوەى گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند: خراپییەکان لە هەرێمى کوردستان لە هەموو رووەکانەوەیە لەسەر ئاستى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابووری و دەرەوە، چوونکە لە بەڕێوە بردن شکستیان خواردووە، چۆن چاک دەبێت بە سیاسەتێکى دروست بووە، بەرژەوەندی بازرگانى تێکەڵ بە سیاسەت بووە کە بە ئاسانى واز لە بەرژەوەندییەکانیان ناهێنن، تاکە شتێک کە ئومێدی هەبێت ناڕەزایی خەڵک و فشاری نێودەوڵەتییە کە ببێتە هۆی بەخۆداچوونەوەى دەسەڵاتداران".
ئاماژەى بەوەش کرد، لە کوردستان هەموو دامەزراوەکان لاوازن و لە ژێر هەیمەنیەى حزبدایە، بۆیە هەر پاساوێک دەهێنرێتەوە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن هەمووی بیانووە، رای حزبەکەشى ئەوەیە کە پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەى یاسای هەڵبژاردنیان پێشکەش کردوە بە پەرلەمانى کوردستان.
کاردۆ محەمەد باسی لەوەش کردوە، ئێستا پارتى و یەکێتى هەستییان بە مەترسی کردووە کە ئایندە بۆ ئەوان نییە بەو شێوازە سیاسییەی هەیانە، چوونکە ئەوانەى یارمەتیدەر بوون ئێستا فشاریان لێدەکەن.
سەبارەت بە دۆخى ناوخۆیی بزووتنەوەى گۆڕانیش کاردۆ محەمەد دەڵێت: "لە دۆخێکداین پێویستمان بە خۆ بیناکردنەوە و تێپەڕاندنى ئەو ئەزمەیە هەیە کە گۆڕان متمانەى خەڵکى لە دەستدا، بەهۆی ئەوەى وەڵامى هەندێ پرسیار بداتەوە کە بەلای خەڵکەوە گرنگە، ئەویش ئەوەیە کە گۆڕان چۆن خۆی رێکدەخاتەوە، بۆچی کۆنفرانس نابەستێت و سەرکردایەتییەکى نوێ هەڵنابژێرێت، لە پرسى حکومەت چۆن مامەڵە دەکات کە ئێمە بۆ چاکسازی چووینە حکومەتەوە، ئێستا لە هەوڵداین بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارانە، وەڵام نەدانەوەى ئەو پرسیارانەش ئایندەى گۆڕان دیاری دەکات".
لەبارەى رۆڵ و ئەرکى کوڕانی نەوشیروان مستەفاشەوە ئەو بەرپرسەى گۆڕان باس لەوە دەکات، کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا بەشێکن لە گۆڕان، بەڵام بە فەرمى نەچوونەتە ناو بەرپرسیارییەتیەکانەوە، بەڵام ئەوان خاوەنی ھێز و دەسەڵاتن بۆیە ھێزەکانی تر مامەڵەی فەرمیان لەگەڵ دەکەن.
Your Comment