بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێوارەی رۆژی سێشەممە بە شداری لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان – دهۆک -ی کرد، لە وەڵامی پرسیارێکی میدیای حزبەکەی لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی کۆنگرەی پارتی وتی: "ئەوە کاک مەحموودە و وتەبێژی حیزبە، وتی پاییز کۆنگرە دەکەین یانی دەیکەین".
رۆژی یەکشەممە 8-5-2022 مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی رایگەیاند:"بۆ بەستنی کۆنگرەی 14 دەسەڵات درا بە مەکتەبی سیاسیی بۆ پێکهێنانی لیژنەکان بۆ ئامادەکاری و لە هەفتەی داهاتوو رێکارەکان دەستپێدەکەن و ئەوپەڕی تاوەکوو مانگی 10 یان 11 کۆنگرە دەبەستین".
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ میدیای حزبەکەی وتی: "بەخوا من چی بڵێم، هێندە زەحمەتە، وەڵامەکەی لە بەغداش نییە، دەبێت بەفڕۆکە بچینە شوێنێکی دیکە تاوەکوو وەڵامەکەت بۆ وەربگرینەوە".
Your Comment