بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گیر پێدرسن، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە هەشتەمین خولی کۆبوونەوەکانی نووسینەوەی دەستوری سووریا لە جنێڤ دەستپێدەکات و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت، لە کۆبوونەوەکانیشدا نوێنەرانی حکوومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئامادە دەبن.
گیر پێدرسن ئاماژەی بەوەش كردوە، لەکۆبوونەوەکانی خولی هەشتەمی کارەکانی نووسینەوەی دەستوری نوێی سووریا چوار تەوەر تاوتوێ دەکرێن، کە ئەوانیش بریتین لە چۆنیەتی رێگری کردن لە تاکڕەوی لە روانگەی دەستوری، پاراستنی دامەرزاوەکانی دەوڵەت، سەروەری دەستوریی، هەڵوێست و رێککەوتنە نێودەوڵەتیەکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردوە، بۆ هەر پرسێک یەک رۆژ دیاری کراوە و لەنێوان شاندی حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، دواتریش شاندی وڵاتانی سەرپەرشتیار لە ئەنجامی گفتوگۆکان ئاگادار دەکەنەوە.
ساڵی 2019 لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا بە بەشداری 150 ئەندام پێکهێنرا لەو ژمارەیەش 50 ئەندامیان سەر بە حکوومەتی سووریان و 50 ئەندامیشیان نوێنەری لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنن و 50 ئەندامیش نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنین، راگەیاندنی ئەو لیژنەی ناڕەزایی کوردی لێکەوتەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە، ناکرێت نوێنەرانی زیاتر لە 30% خەڵکی سووریا لە نووسینەوەی دەستوردا بەشدار نەبن.
Your Comment