بافڵ جەلال تاڵەبانی: دژی هەناردە کردنی گاز بۆ ئەورووپا نین/ یه‌کێتی کاندیدی ده‌بێت بۆ سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، حزبەکەی دژی هەناردە کردنی گاز بۆ ئەورووپا نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌میانی به‌شداریکردنی له‌ پانێڵێکی تایبه‌تدا له‌ دیداری گشتی یه‌کێتی له‌باره‌ی فرۆشتنی نه‌وت و سیستمی فرۆشتنی نه‌وت وتی: "من له‌ سیاسه‌تی نه‌وت و سیستمه‌که‌ رازی نیم، ئه‌وه‌شی تێگه‌یشتوم نزیکه‌ی 60%ی داهاتی نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کۆمپانیاکان که‌ نه‌وت ده‌رده‌هێنن و ده‌فرۆشن و گوازنه‌وه‌، پرسیاری من ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ نه‌وتی کوردستان که‌ له‌م خاکه‌ جوانه‌ که‌ ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ له‌سه‌ر رژاوه‌ ده‌ریده‌هێنن تاوه‌کو چه‌ند کۆمپانیایه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ین یان بۆ ئه‌وه‌مانه‌ خزمه‌تی خه‌ڵکی خۆمانی پێبکه‌ین.

ناوبراو وتیشی: به‌و کێشانه‌ی که‌ عێراق هه‌یه‌ که‌چی دۆخه‌که‌ پێچه‌وانه‌ و زیاتر له‌ 30%ی داهاتی نه‌وت ده‌چێت بۆ کۆمپانیاکان و 70%ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی عێراق، راسته‌ ئه‌م کابینه‌یه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت ئه‌وه‌ کاری ئه‌و نیه‌ و گرێبه‌سته‌کان ئه‌و نه‌یکردوه‌، ئاساییه‌ وه‌رن با چاکی بکه‌ینه‌وه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "کوردستان هه‌ر غازی ماوه‌ و ده‌بێت سیاسه‌ته‌که‌مان بۆ گاز دروستبێت و خه‌ڵکی کوردستان قازانج له‌و غازه‌ ببینێت، هه‌ڵه‌ تێمه‌گه‌ن ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ نین که‌ غاز به‌کاربهێنرێت و ره‌وانه‌ی ئه‌ورووپا بکرێت، به‌ پێچه‌وانه‌ من و هێزه‌کانی دژه‌ تیرۆر شانبه‌شانی هێزه‌کانی ئه‌وروپا شه‌ڕمان کردوه‌ و ده‌مانه‌وێت غازی کوردستان به‌و جۆره‌ به‌کارنه‌هێنرێت و پێویستمان به‌ سیاسه‌تێکی شه‌فافه‌ که‌ باش بێت بۆ کوردستان و عێراق، ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌وه‌یه‌".

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی، ماوه‌ دوو خوله‌ پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی هه‌یه‌ بۆ سه‌رۆک کۆماری عێراق، له‌کاتێکدا یه‌کێتی رێککه‌وتنی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، ئایا له‌ داهاتودا یه‌کێتی کاندیدی ده‌بێت بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی وتی: "یه‌کێتی کاندیدی ده‌بێت بۆ سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ببین به‌ حزبی ژماره‌ یه‌ک، هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت لایه‌نه‌کان و گه‌نجان کۆبکه‌ینه‌وه‌ و ده‌مانه‌وێت ئه‌مجاره‌ گۆڕانکاری جددی بکه‌ین له‌ حوکمڕانی کوردستان، پێشموایه‌ شتێکی باش ده‌بێت له‌ کوردستان".

News Code 6075

Your Comment

You are replying to: .
captcha