بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جووتیار عادل وتەبێژی حكوومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە حکوومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستیبەسەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکدا گرتووە و داگیری کردوون".
باسی لەوەش كردووە، ئاشکرایە بە پێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نییە، کۆمپانیای نەوتی باکوور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، کار دەکات و دەستوور پێشێل دەکات.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: "ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکوور، لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستوور تەشریع بکرێت".
وتەبێژی حكوومەتی هەرێم جەختیشی كردووەتەوە، "ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێکردووە هۆکارەکەی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاوی دەکەنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە".
Your Comment