بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایگەیاند: "بەرای گشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و میدیاکاران رادەگەیەنین، وەزارەتی پێشمەرگە هیچ لیستێکی جیاکاری شەهیدان و لایەنی سیاسیان بڵاو نەکردووەتەوە و بەهیچ جۆرێک پۆلبەندی و ریزبەندی شەهیدانی سەربەرزی دژ بە داعش بەرەسمی نەکراوە و نە لەرابردوو نە لەئێستا و داهاتوو نەبووەو نابێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە: " هەر لیست و جیاکارییەک لەوبارەیەوە بەناوی ئەمینداری گشتیی و وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و ناحەقیشە بەرامبەر بەخوێنی شەهیدانمان".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەوبارەیەشەوە چەواشەکاران و ساختەکاران دەدەین بە یاسا و روبەڕووی دادگایان دەکەینەوە".
وەزارەتی پێشمەرگە جەختیشی کردووەتەوە، "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی دەکەینەوە، شەهیدانمان بە یەکەوە لە سەنگەری بەرگری خاکی کوردستان و کەرامەتی تاک بەتاکی گەلەکەمان و پاراستنی ئەزموونی هەرێم و ئاشتی بۆ جیهان گیانیان بەخشیوە، بۆیە لە لای ئێمە شەهیدان شەهیدی ئاڵا و خاکی پیرۆزی کوردستانن".
Your Comment