ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی: کاتی ستۆپ کردنە بە پارتی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، کاتی هەڵوەستە و ستۆپکردنە بە پارتی و کاتی ئەوەیە بە پارتی بوترێت ناکرێت ئەم شێوازی حکومڕانییە بەمشێوەی بەردەوام بێت.

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە: "بەشداری کردنی یەکێتی یان گۆڕان یان لایەنەکانی تر لە حکومڕانی هەرێم منەتێک نیە پارتی بە خەڵکی بکات، بەڵکوو بەشداریکردنێکە لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن."

ناوبراو وتیشی: "سەرۆکی حکوومەت کە لای پارتیە بەهەموو پێوەرەکان لێپرسراوی یەکەمە، دەبێت لێپرسراوێتی هەڵبگرێت، کەچی نایەوێت بەرپرسیاریەتی ئەنجامەکەی بگرێتە ئەستۆ، لە راگەیاندنەکان کە باس لەوە کرا کە ئەوەی بڕیار لە دابەش کردنی مووچە دەدات سەرۆکی حکوومەتە، هەڵای نایەوە و تەنانەت فشار خرایە سەر وەزیرەکەی گۆڕان کە ئەگەر کارەکەی نەکات ئەوا وەزیرە کۆنەکە کە ئێستا لای خۆیانە دەیهێننەوە."

ستران عەبدوڵا راشیگەیاند: "شێوەی حکومڕانی کێشەکانی ئێستا دروستکردوە و 45 کورسی لەگەڵ 11 کورسی کە لە گیرفانی پارتیدایە تەحەکوم بە کوردستانەوە دەکات، بۆیە ئەم شێوەی حکومڕانیە هەر ئەوەی ئێستای لێ بەرهەمدێت کە لێپرسراوێتی هەڵنەگرێت، بەڵام کێشەی پارتی لە کوردستان و عێراق ئەوەیە لێپرسراوێتی هەڵناگرێت."

ئەندامەکەی یەکێتی ئەوەشی وت: "پارتی خۆی کێشەکان دروست دەکات، وەک ئەوەی کادیرەکەی بەرامبەر مەرجەعی شیعەکان کردی و دواتریش خۆیان لێ بێبەری کرد و دەشڵێن بەناوی خەڵکی کوردستانەوە وەفدی دەچێت بۆ لای سیستانی و داوای لێبوردنی لێدەکەین، لەکاتێکدا کە خۆی کێشەکەی دروست کردووە."

بەپێی قسەی ستران عەبدوڵا: "کاتی ئەوەیە هەڵوەستە و ستۆپ بە پارتی بکرێت، بۆیە کاتی ئەوەیە بە پارتی بوترێت ناکرێت ئەم شێوازی حکومڕانیەی بەمشێوەی بەردەوام بێت و قبووڵیش ناکرێت، نەک رێگە بەوەبدرێت هەرێم بکرێتە دوو زۆن وەک ئەوەی پارتی حەزی پێدەکات و لایەنەکانی تر تۆمەتبار دەکات."

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتیشی: "یەکێتی لە بەرپرسیارێتی ڕا ناکات و هیچ کاتێک نەیوتووە لێپرسراوێتی لەبەشی خۆم هەڵناگرم، بەڵام ئێمە دەڵێن ئەم شێوازی ئیدارەدان و حکومڕانییە بەمشێوەیە بەردەوام نابێت، پارتی نەک تەنها لە هەرێم، بەڵکوو لە عێراقیش لە پرۆسەی سیاسیدا تەوافوقی لایەنەکانی تێکداوە و دەرگای حکوومەتی زۆرینەی بەڕووی لایەنە شیعییەکان و سوننییەکاندا کردوەتەوە، بەڵام حکوومەتی زۆرینە بۆ کورد باش نابێت و هیچ خێرێکی تێدا نابێت، بەڵام ئەوە یەکێتییە بەوپەڕی توانایەوە ھەوڵی داوە پۆستی سەرۆک کۆمار بەتەوافق بێت و هەموو هەوڵێکی بۆ پاراستنی تەوافوقە و هەموو رێککەوتنێکی لەپێناو خەڵکی کوردستاندایە، بەڵام پارتی رای تری هەیە."

ستران عەبدوڵا وتیشی: "بارودۆخی سیاسی کوردستان دەریدەخات پارتی لە شوێنێکە و هەموو هێزە سیاسییەکانی تر لەشوێنێکی ترن، بارودۆخی ئابووریی ئێستای هەرێمیش ئەنجامی سیاسەتی ئابووری سەربەخۆیە".

News Code 5631

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha