بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەوەند مەلا مەحموود لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ شارپرێس ڕایگەیاند: "خۆشمان ڕازی نین لە دۆخى کەرکووک، لەرووی ئابوورییەوە ناڕازین و کەموکورتى زۆرە و باش شارەکەوە بەڕێوە نابرێت، ئەو هێزەی ئێستا کەرکووک بەڕێوە دەبات خەڵکى ئەم شارە نییە و پارێزگارەکەشى ناتوانێت هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکانى ئەمشارە رابگرێت، کوردیش ناو ماڵی خۆی یەکگرتوو نییە تا سیاسەتى خۆی جێبەجێ بکات".
ناوبراو وتیشى: "پارتى بەسەر ئاسمانى کەرکووکدا بە فڕۆکە دەچێت بۆ بەغدا و داواى پۆست دەکات کەچی دەڵێت کەرکووک داگیر کراوە، جگە لەوەش پارتى هەموو ئەو پۆستانەى کە لە کەرکووک هەیبوو چۆڵی کردوون و خەڵکانى عەرەب و تورکمانی لە شوێنى داناوە کەچی لە هەولێرەوە باس لەپۆستەکانى کەرکووک دەکات".
ئاماژە بەوەش دەکات، پارتى بە پلان و بەرنامە دەیەوێت کەرکووک بشکێنێت و بە پلانیش نەیهێشت پارێزگار بۆ شارەکە دابنرێت، بەرپرسەکانى پارتى و پاسەوانەکانیان دەهاتنە کەرکووک و مووچەکانیان وەردەگرت و دەگەڕانەوە هەولێر، لە هەولێریشەوە دواى وەرگرتنى مووچەکانیان هەر ئەوان دەیانوت کەرکووک داگیر کراوە.
ڕەوەند مەلا مەحموود دەشڵێت: "پارتى هۆکارن بۆ تێکدانى دۆخى هەرێم و ژیانى خەڵک لە کوردستان، ئەوەندە کێشەیان لە هەرێمى کوردستان دروست کردوە، دەیانویست ئەو کێشانە بۆ ناوچە کێشلەسەرەکان بگوازنەوە، بۆئەوەش هاتن ریفراندۆمیان لەم ناوچانە ئەنجامدا".
سەبارەت بە بەرپرسیاریەتى یەکێتیش لە کەموکوڕییەکانى کەرکووک رەوەند مەلا مەحموود باس لەوە دەکات، یەکێتیش بەشى خۆی بەرپرسیارییەتى کەموکوڕییەکانى شارەکەى دەکەوێتە ئەستۆ، بەڵام رێژەکەی کەمترە.
Your Comment