بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فاروق مەلا مستەفا رایگەیاند" کاک نەوشیروان مۆڵەتێکی کارگەی چیمەنتۆی هەبو، مۆڵەتەکەی لە وەزارەتی پیشەسازی کوردستان وەرگرتبو، کاک نەوشیروان لە منداڵییەوە برادەرم بو، هەرچەندە لە دو حزبی جیاواز بوین، من لە حزبی شیوعی بوم، رۆژێک کاک نەوشیروان پێی وتم: من مۆڵەتێکی دامەزراندنی کاریگەی چیمەنتۆم دەرهێناوە، تائێستا بە سێ کەسم وتووە نەیانتوانیوە ئەم کارگەیە دروست بکەن، پارەیان پێ نەبووە، دوایین کەسیان هەندێک پارەی تێدا خەرج کردووە، ئەویش وەستاوە، ئەگەر تۆ وەکوو هاوڕێیەکی کۆن یارمەتیم بدەیت و ئەم کارەم بۆ بکەی، زۆر مەمنوون ئەبم، چوونکە من لەمە زیاتر لە دنیادا تائێستا هیچ شتێکم نییە."
فاروق مەلا مستەفا وتیشی"کاک نەوشیروان وتی مۆڵەتەکەم وادەکەی بەسەرچووە، لێم وەردەگرنەوە، ئەوکاتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ناڕێک بوو، رێککەوتین لەسەر ئەوەی 15%ی قازانج و موڵکیەتی کارگەکە هی نەوشیروان مستەفا بێت (ئێستا هی کوڕەکانیەتی)، لەو جۆرە مۆڵەتەی کە بە کاک نەوشیروان دراوە، بە زۆر کەسی تر دراوە و فرۆشتویەتیەوە، بەڵام کاک نەوشیروان خۆی نەیتوانی بیکات و من بۆم کرد."
هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکاندا فاروق مەلا مستەفا وتی "من پەیوەندی برادەرایەتیم لەگەڵ مام جەلال هەبووە، کەسە نزیکەکانی مام جەلال خاوەنی پرۆژەکانی ئێمە نین، لە هەندێک پرۆژەدا پشکدارییەکی کەمیان هەیە و خاوەنە گەورەکە ئێمەین، مام جەلال بۆ ئاسیاسێل (2 ملیۆن دۆلار)ی داوە بە من وەکوو موساهەمە بۆ یەکێتی، ئەوە ئێستا لە ئیدارەی گشتی یەکێتی مەوجوودە، ساڵانە کە قازانج دابەشکراوە، ئەو بەشە دلێری سەید مەجید کە بەرپرسی ئیدارەی گشتی بوە وەریگرتووە و ئێستاش وەریدەگرن."
Your Comment