کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەمە 10ی بەفرانباری 1399 ڕەزا ئەردەکانیان وەزیری وزەی ئێران پاش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی لە سەدانی بۆ عێراق کرد و ڕایگەیاند لەو سەردانەدا لەگەڵ پارێزەری بانکی ناوەندی و وەزیری وزە و سەرۆکوەزیرانی عێراق دیداری کردووە.
بە وتەی ڕەزا ئەردەکانیان گرینگترین دەستکەوتی سەردانەکە ئەوە بوو کە هاوکاری و کاری هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق کە لە ساڵی 1393بەدواوە هەڵپەسێردرابوو کارا کرایەوە و بڕیارە پاش 6 لە هەڵپەسێردرانی پڕۆژە هاوبەشەکان بخرێنەوە گەڕ.
هەر لە لێدوانەکەیدا ئەردەکانیان ئاماژەی بە دەستکەوتێکی دیکەی سەردانەکەی بۆ عێراق کرد و ڕایگەیاند: بەشێک لەو پارەیەی ئێران کە وەک قەرز لای عێراق ماوەتەوە وەردەگیرێتەوە و بەو مەبەستەش ئەکاونتێکی یۆرۆیی بۆ ئێران دەکرێتەوە و بڕێک لە قەرزەکە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو ئەکاونتە و بە مەبەستی کڕینی دەرمان و پێداویستیی سەرەتایی بەکار دەهێنرێت.
شایانی باسە لەم هەفتەیەدا وەزیری وزەی ئێران لە سەرووی شاندێکی ئابووری وەزارییەوە سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ وەزیری وزە و وەزیری دارایی و پارێزەری بانکی ناوەند و سەرۆکوەزیرانی عێراق دیدار و گفتوگۆی کرد.
Your Comment