پەرلەمانتارێکی پارتی: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پۆستێکی تەشریفاتی نییە/ بەربژێری ئێمە یەکلایی بووەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، لای ئەوان یەکلایی بووەتەوە کە رێبەر ئەحمەد بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێبوار هادی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار لای ئێمە رێبەر ئەحمەدە و رۆژی 2022/03/26 بۆ هەڵبژاردنی ئەو دەچینە هۆڵی پەرلەمانەوە، ئەگەر دانیشتن کرا لەسەر بابەتەکانی دیکەی بەدەر لە سەرۆککۆمار لەو بڕوایەدام ئێمەیش لەو دانیشتنانەدا بەشداری بکەین و لەوانەیە لەگەڵ لایەنەکانیشدا رێککەوتن بکەین. لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە، پێموایە لای ئێمەوە یەکلایی بووەتەوە."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوە دا، ئەوان پێیانوایە ئەگەر ئەو پۆستە وەربگرن زۆر لەو کەموکوڕییانەی لە مافەکانی گەلانی عێراق و مافەکانی کورددا هەن دەتوانن چارەسەریان بکەن.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لەوە کرد، ئەوەی پێیوایە پۆستی سەرۆککۆمار پۆستێکی تەشریفاتییە ئەوە خۆی لە نیشتمان و خەڵکەکەی دەدزێتەوە. دەستووری عێراق چەندین دەسەڵاتی بە سەرۆککۆمار داوە؛ لە ناردنی پرۆژەیاسادا سەرۆککۆمار بە تەنیا بەرامبەرە بە هەموو ئەنجوومەنی وەزیران و گوتیشی: "نەخێر، ئێمە پێمان وانییە پۆستی سەرۆککۆمار تەشریفاتی بێت"

جیایی پارتی و یەکێتی و نەسازانیان لەسەر پۆستەکانی عێراق بووەتە مایەی گلەیی بەشێکی هاونیشتمانییان و باس لەوە دەکرێت کە هیچ لایەکیان کار بۆ یەکدەنگیی کورد ناکەن.

رێبوار هادی ئاماژە بەوەش دەکات، "تاوەکوو رۆژی دەنگدان درەنگ نییە بۆ دانیشتن و پێمانوایە پێویستە کورد بە یەکدەنگی بەشدار بێت. ئەوەش مانای وانییە یەکدەنگییەکە لەسەر شایستەی هەڵبژاردن و مافی دەنگدەری ئێمە بێت. رێککەوتن ئەوە نییە من لە مافی خۆم خۆش ببم و لێیان بکشێمەوە هەر بۆ ئەوەی بگوترێت رێککەوتن کراوە و پارێزگاری لە یەکدەنگیی کورد کراوە. رێککەوتن ئەوەیە هەرکەسەو بە مافی خۆی رازیبێت."

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، رێبەر ئەحمەد کە دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق تەنیا سەرۆککۆماری پارتی نییە، بەڵکوو سەرۆککۆماری هەموو عێراقە. ئەو باسی بەرنامەی کاری خۆی بۆ لایەنەکان دەکات. ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان لەگەڵ رەوتی سەدر و لایەنەکانی سەروەریدا رێککەوتنیان هەیە. بۆیە "بڕیارە ئەوانیش دەنگ بە بەربژێری ئێمە بدەن، بەڵام لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییش یەکلاییان نەکردووەتەوە کە دەنگ بە بەربژێری ئێمە نادەن."

News Code 5481

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha