جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێم هێرشە بۆ سەر عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێم هێرشە بۆ سەر عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی هەرێم هاتە پەرلەمان و پرسیاری زۆرمان لەبارەی هێرشەکانەوە ئاراستەکرد، ئەمە شتێکی جوان بوو کە بۆ یەکەمینجار وەزیرێکی هەرێم بێتە پەرلەمانی عێراق داوا دەکەین ئەم هەنگاوانە بەردەوام بن و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانمان بکەین، هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێم هێرشە بۆ سەر عێراق.

ناوبراو ئاشکراشیکرد، پێشوازی لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دەکەین، بانگێشتی باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەکەین، دوای تەواوبونی رێکارەکانیشمان لە لیژنەکەماندا ئەنجامەکانی ئاشکرادەکەین.

حاکم زاملی جەختی لەوەش کردەوە، عێراق لاواز نییە وەک ئەوەی هەندێک لایەن باسی دەکەن، ئێمە توانیمان ڕووبەڕووی داعش بینەوە، ئێمە هەنگاوی خۆمان دەنێن لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە.

باسیلەوەش کرد، ئێران دراوسێی ئێمەیە قوربانی زۆری لە عێراق داوە، بەڵام سەروەری عێراق هێڵی سوورە و پاساوی نییە، رێگەنادەین ببێتە بارەگای هەواڵگری هیچ وڵاتێک لە عێراق هەبێت ئەمە بنەمای کاری ئێمەیە و بەردوام دەبین لەسەری.

لە هەمان کۆنفرانسدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، سوپاسی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم، کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، ئەمە واتای زۆری هەیە، مانای لێکنزیکبوونەوەی هەرێم و بەغداد هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیانەی لەسەرمانن.

وەزیری ناوخۆی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە، سەروەری عێراق یەک سەروەرییە و ناکرێت ڕووبەڕووی لەتکردن یان هێرش ببێتەوە، ئەو پاساوانەی ئاراستەمان دەکرێت ناراستن، ئێمە لە هەرێم بە راستییەکان گەیشتوین.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، لەکۆبوونەوەکەدا داوامان لە ئەنجومەنی نوێنەرا کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر بکەن بە بەشداری لایەن عەرەبی و نێودەوڵەتیەکان و برایانمان لە ئێران کە بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە.

ئێمە بە سنگ فراوانی پێشوازی لە هەر بەڵگەیەک دەکەین، کە بیسەلمێنێت ئەو شوێنە کەسێکی لێبێت کە ئێران ئاماژەی بۆ کردەووە.

News Code 5459

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha