نێچیرڤان بارزانی بۆ 34مین ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە پەیامێکی بڵاو کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی 34 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە پەیامێکی بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان بۆ تێپەڕبونی 34 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، پێویستە له‌ هه‌موو ڕوويێکه‌وه‌ زياتر خزمه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ بکرێت.

بارزانى لەپەیامێکدا باسی لەوەشکردووە: "ئه‌مڕۆ شازده‌ى ئازار، به‌وپه‌ڕى شکۆوه‌ يادى زياتر له‌ پێنج هه‌زار شه‌هيدى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌ينه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاکياندا داده‌نوێنين. ئه‌وان به‌رله‌‌ 34 ساڵ له‌ يه‌کێک له‌ سامناکترين تاوانه‌کانى مێژودا، بونه‌ قوربانيى ده‌ستى ڕژێمى ئه‌وساى عيراق که‌‌ به‌ چه‌کى قه‌ده‌غه‌کراوى کيميايى، دڕندانه‌ کۆمه‌ڵکوژ کران، هه‌زارانى ديکه‌ش بريندار و ده‌ربه‌ده‌ر بون که‌ هه‌ر يه‌کێکيان چيرۆک و به‌سه‌رهاتێکى دڵته‌زێنى هه‌يه."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "کاره‌ساتى کيميابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه، تاهه‌تايه‌‌ سيمبولى سته‌ملێکراويى ميلله‌تێکى قوربانييه،‌ که‌ ته‌نيا تاوانى ئه‌وه‌يه‌ له‌سه‌ر خاکى ڕه‌سه‌نى خۆى و له‌ژێر ئاسمانى خۆيدا، داواى ژيان و ئازادى و دادپه‌روه‌رى ده‌کات. ميلله‌تێک که‌ ڕۆڵێکى گه‌وره‌ى له‌ مێژو و شارستانيى ناوچه‌که‌دا گێڕاوه‌ و هه‌ميشه‌ ده‌ستى دۆستايه‌تى و مرۆڤپه‌روه‌رى و ئاشتى و پێکه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى بۆ هه‌مووان درێژ کردووه‌."

لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی هەڵەبجەش نێچيرڤان بارزانى دەڵێت: "ده‌بێ له‌ هه‌موو ڕوويه‌که‌وه‌ زياتر خزمه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ بکرێت و له‌م ياده‌دا داوا ده‌که‌ين ده‌وڵه‌تى عيراق وه‌ک ئه‌رک و پابه‌نديى ياساييى خۆى، خێزان و که‌سوکارى شه‌هيدان، ئه‌و قوربانييانه‌ى هێشتا له‌ ژياندان و ژينگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ قه‌ره‌بۆ بکاته‌وه و چيتر پشتگوێ نه‌خرێن، هه‌مو هه‌نگاوه‌کانى به‌پارێزگابوونى ته‌واو بکات، تا به‌و شێوه‌يه‌ که‌مێکيش بێت له‌ خه‌ميان که‌م بکاته‌وه‌."

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان داواش لە کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و جيهانى پێشکه‌وتو دەکات، له هه‌وڵى به‌رده‌وامدا بن بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ نه‌درێت کاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه له‌ هيچ شوێنێکى ديکه‌ى سه‌رزه‌مين دوباره‌ ببێته‌وه‌ و چه‌کى کۆمه‌ڵکوژ و به‌رهه‌مهێنانى، يه‌کجارى و به‌ ته‌واوى قه‌ده‌غه‌ بکرێت و به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ک ڕێگه‌ له‌ به‌کارهێنانى بگيرێت.

ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو، "دووپاتى ده‌که‌ينه‌وه‌ باشترين ياد و وه‌فادارى و ڕێز بۆ گيانى شه‌هيدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوى کوردستان، ئه‌وه‌يه‌ هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێکهاته‌کانى کوردستان يه‌کڕيز و ته‌با بن و پێکه‌وه‌ کار بکه‌ن تا ته‌واوى مافه‌ ده‌ستورييه‌کانى گه‌لى کوردستان به‌ده‌ست بهێنين و فيدرالى و قه‌واره‌ى ده‌ستوريى هه‌رێمى کوردستان بپارێزين، هه‌موو لايه‌کيش وانه‌ له‌ په‌نده‌کانى مێژو ببينين و بۆ ئێستا و داهاتوويه‌کى باشتر، بيانکه‌ينه‌ ڕێنيشانده‌ر".

News Code 5444

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha