شەمەی داهاتوو کابینەی حکوومەتی عێراق تەواو دەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای نزیکەی 250 رۆژ متمانەوەرگرتن، پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو بۆ تەواوکردنی کابینەکەی عەبدولمەهدی کۆ دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خوێندنەوەی ژمارەیێک پڕۆژە یاسا کۆتایی هات و بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە، بەشێکی بەرنامەی کارەکەشی تایبەتە بە تەواوکردنی پێکهاتەی حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی کە چوار وەزارەتی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێت.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لە کۆبونەوەی داهاتوودا کابینەی حکوومەتی عێراق تەواو دەکرێت و کارکردن بە وەکالەت و پلە تایبەتەکان پێش کۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی یاسادانان یەکلایی دەکرێتەوە.

رۆژی 24/10/2018 مانگى رابردوودا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکۆی 22 وەزیر، متمانەی بە 14 وەزیر لە کابینە نوێیەکەی عادل عەبدولمەهدی بەخشی و پۆستى هەشت وەزارەت بە بەتاڵى مانەوە تا یەکلاکردنەوەى کاندیدەکانیان، دواتر پۆستی چوار وەزارەتی دیکە یەکلایی کرانەوە، بەڵام تائێستا وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، داد و پەروەردە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن.

بەهۆی ململانێی ناوخۆی پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراقەوە تائێستا نەتوانراوە پۆستی وەزارەتە سیادییەکان پڕبکرێتەوە بە تایبەتی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی داد کە پشکی کوردە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News ID 54354

Your Comment

You are replying to: .
captcha