هه‌وڵه‌كان بۆ هاوكاریی سه‌ربازیی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وه‌زیری هاوكاریی ئابووری و گه‌شه‌پێدانی ئه‌ڵمانیا و شاندێكی یاوه‌ری كۆ بووه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15/6/2019، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ مارتن جه‌یگێر، جێگری وه‌زیری هاوكاریی ئابووری و گه‌شه‌پێدانی ئه‌ڵمانیا و شاندێكی یاوه‌ری كۆ بووه‌وه‌ كه‌ له‌ سیریل نان باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و خاتوو باربارا وۆڵف كونسولی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر پێكهاتبوو‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌یگێر جه‌ختی له‌ په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان ئه‌ڵمانیا و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و پێشڤه‌چوونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانیان بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و پێشوازی كردن له‌ ژماره‌یێكی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر به‌رز نرخاند و ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌رده‌وامیی كاری هاوبه‌ش و هاوكاری كردنی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ جێگیر كردنی سه‌قامگیری له‌ ده‌ڤه‌ره‌ ئازاكراوه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان، نیشان دا.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ رێز و پێزانینه‌وه‌ سه‌یری هاوكاریی وڵاتانی هاوپه‌یمانان و ئه‌ڵمانیا ده‌كات كه‌ له‌ ڕووی هاوكاریی سه‌ربازی و مرۆییه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵێكی به‌رچاویان هه‌بووه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ ئاستێكی باشدایه‌ و هه‌وڵه‌كانیش بۆ هاوكاریی سه‌ربازیی نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وامه‌ به‌مه‌به‌ستی سه‌قامگیركردنی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش و له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوكاریی هاوپه‌یمانانی به‌ پێویست زانی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سیریل نان باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق كه‌ كاره‌كانی له‌ عێراق كۆتایی هاتووه‌ و به‌مه‌به‌ستی ماڵئاوایی سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كردبوو، خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی كه‌ له‌ماوه‌ی كاركردنیدا له‌ عێراق بینیویه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتوانه‌ سه‌ختی و قه‌یرانه‌كان تێپه‌ڕێنێت و پێشكه‌وتنی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت و ده‌ستخۆشی له‌ نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێک له‌ كێشه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا و هیوای خواست ئه‌وانه‌ی كه‌ ماون به‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 54353

Your Comment

You are replying to: .
captcha