کوردپرێس:
تەلەڤزیۆنی ڕووداو لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری ئەو منداڵانەی لە دەستی داعش ڕزگار کراون ئاشکرا دەکات و دەڵێت لە شێخان 30 منداڵی بێ دایک و باوک لە خانوویێکدا بەخێو دەکرێن، بەشێکیان دایک و باوکیان لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدان و تاوەکوو ئێستا رزگار نەکراون. بەشێکیشیان گیانیان لەدەست داوە.
غهزال خەڵکی شنگالە و دایک و باوکی لەبەرچاوی خۆی گوللەباران کراون، لە پۆلی سێی بنەڕەتی بە پلەی دووەم دەرچووە و دەڵێت: " لەگەڵ هاوڕێکانم یاری دەکەم، پۆلی دوو بووم و ئێستا لە پۆلی سێیەمم، مامۆستاکانم زۆر باشن و ئەو شوێنەیشی لێی دەژیم زۆر خۆشە".
لەو شوێنەی ئەو منداڵانە لێی دەژین کەسانی تایبەتمەند سەرپەرشتییان دەکەن، منداڵەکانیش تەمەنیان لەنێوان 4 بۆ 17 ساڵاندایە.
ئەو منداڵانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە و بێ دایک و باوک ماون ژمارەیان دوو هەزار و 525 منداڵە. لەو ژمارەیە هەزار و 759 بێ باوکن و 407 یان بێ دایک و 359 یان بێ باوک و دایکن.
Your Comment