ئێران وەڵامی بەیاننامەی کۆتاییی دانیشتنی لووتکەی هاوکاریی ئیسلامی دەداتەوە

بەشی ئێران/ کوردی- وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیدانەی بەیاننامەی کۆتاییی دانیشتنی لووتکەی هاوکاریی ئیسلامی دەداتەوە کە لە سعوودیە بەڕێوە چوو و کۆمەڵێک تۆمەت خرایە پاڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

کوردپرێس:

سەید عەباس مووسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدونکێدا بەیاننامەی کۆتاییی دانیشتنەکەی لووتکەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکارییە ئیسلامییەکان ڕەت دەکاتەوە و وێڕای ئیدانەکردنی ئەو هەڵوێستانەی دژی ئێران وەرگیراون دەشڵێت سعوودیە هەلقۆستنەوەی لە میواندارێتیی ئەو دانیشتنە کردووە.

مووسەوی لە لێدوانەکەیدا دەشڵێت: بێگومان ئەوەی لە بەیانی کۆتاییی دانیشتنەکەی لووتکەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکارییە ئیسلامییەکان هاتووە هەڵوێستی هەموو ئەندامان و بەشداربووانی دانیشتنەکە نیە و سعوودیە هەلقۆستنەوەی لە میواندارێتیی ئەو دانیشتنە کردووە کە لە مەکەی پیرۆز بەڕێوە چوو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سعوودیەش بە شوێنکەوتووی ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانێت و دەڵێت: ئەو هەوڵەی سعوودیە بۆ کۆدەنگ‌کردنی وڵاتانی ئیسلامی دژی ئێران، درێژەی هەمان پڕۆسەی بێ ئەنجامە کە ئەمریکا و سعوودیە بۆ دژایەتی کردنی ئێران پێوەی سەرقاڵن بەڵام سوودی نابێت.

شایانی باسە کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکارییە ئیسلامییەکان ڕۆژی پێنجشەمە 31ی ئایار لە شاری مەکەی پیرۆز بە میواندارێتیی سعوودیە بەڕێوە چوو و لە بەیانی کۆتاییی دانیشتنەکەدا ئێران بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئاسایشی ناوچەکە تێک دەدات و کێشە بۆ هاتوچۆی ئازاد لە دەریاکان دروست دەکات و بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران ئەمن و ئاسایشە هەرێمییەکان تووشی مەترسی دەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 54035

Your Comment

You are replying to: .
captcha