سیاسەتی ئێستای نەوت، هەرێم تووشی قەیرانی قووڵ دەکات/ له‌ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت ته‌نها 17 دۆلار ماوه‌ته‌وه

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان هۆشداری دەدات لە بەردەوامی سیاسەتی ئێستای نەوتی هەرێم و رایدەگەیێنێت؛ ئەگەر ئەم سیاسەتەی ئێستا به‌رده‌وام بێت، هه‌رێم له‌ 2020 تووشی قه‌یرانێکی قووڵ ده‌بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز لە هەرێمـی كوردستان راپۆرتی شەشەمی کۆمپانیای دیلیۆت- ی سەبارەت بە داهات و هەناردەی نەوتی هەرێم بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2018 و لەو ماوەیەدا، 39 ملیۆن و 399 هەزار و 182 بەرمیل نەوت فرۆشراوە و نرخی یەک بەرمیل 51.571 دۆلار بووە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە شیکردنەوەیێکیدا بۆ راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلیۆت سەبارەت بە داهات و هەناردەی نەوتی هەرێم، رایگەیاند: هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی راپۆرته‌که‌ سه‌ره‌تا کۆی به‌های نه‌وتی خاوی فرۆشراو به‌ دوو ملیار و 125 ملیۆن دۆلار هاتووه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یێکی گوماناوی یه‌ک ملیار و 456 ملیۆن دۆلاری ئه‌م پاره‌ خه‌رجکراوه ‌له‌ خشته‌ی دیلۆیت ورده‌کاری خه‌رجیه‌که‌ کراوه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌ قه‌رزی تورکیا ئه‌وانی دیکه‌ ناڵێت به‌ کێ دراوه.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، له‌ فرۆشتنی 39) ملیۆن و 949 هه‌زار به‌رمیل، پوخته‌ی داهات 703 ملیۆن و 192 هه‌زار دۆلاره‌، واته‌ له‌ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت ته‌نها 17 دۆلار ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش شکستێکی روونی سیاسه‌تی نه‌وته‌و ده‌بێت ئه‌مه‌ چاک بکرێته‌وه.

هاوکات سێ رێگای خستوەتەڕوو، بۆ چاک کردنی سیاسەتی نەوت و داوا دەکات؛ لە زوترین کاتدا سندووقی داهاتی نه‌وت دروست بکرێت، کۆی پاره‌ی نه‌وت پێش هه‌ر خه‌رجیێک بێته‌ ئه‌م سندووقه‌ وه‌ک له‌ یاساکه‌دا هه‌یه‌. چه‌ندین کۆمپانیا به‌ناوی پێشکه‌ش کردنی خزمه‌تگوزاری و ئه‌منی ملیۆنان دۆلاریان به‌گه‌نده‌ڵی بردووه‌، ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ی جدی بۆ ئه‌مه‌ بکرێت. لە خاڵی سێیەمیشدا پێشنیار دەکات، پاش پێکهێنانی حکوومه‌ت وه‌فدێکی حکوومه‌تی هه‌رێم بچێته‌ به‌غدا بۆ رێککه‌وتنی یه‌کجاری له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت.

عەلی حەمەساڵح هۆشداری دەدات سەبارەت بە بەردەوامی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێستای نه‌وت و دەڵێت: "ئەگەر ئەم سیاسەتەی ئێستای نەوت به‌رده‌وام بێت، هه‌رێمی کوردستان له‌ 2020 تووشی قه‌یرانێکی قووڵ ده‌بێت. به‌پێچه‌وانه‌ش به‌ چاکسازی له‌که‌رتی نه‌وت و خه‌رجییه‌کان و رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، دۆخی هه‌رێم بووژانه‌وه‌ی گه‌وره‌ به‌خۆی ده‌بینێت".

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کردووە، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کان بۆ زیادکردنی ئه‌م داهاته‌ که‌مه‌ی نه‌وت سێ بڕه‌ پاره‌ی وه‌رگرتووه‌، که‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ داهاتی نه‌وتی خاو نیه‌، ئه‌وانیش 91 ملیۆن دۆلار، گۆڕانکارییه‌ له‌ ره‌سیدی حسابی کڕیاره‌کان ده‌درێته‌وه‌، 313 ملیۆن دۆلار داهاتی گرێبه‌سته‌کانی به‌شداری کردن له‌ به‌رهه‌مهێنان، 86 ملیۆن دۆلاری پێشه‌کی بۆ فرۆشتنی نه‌وتی داهاتوو.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 54026

Your Comment

You are replying to: .
captcha