بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێبوار بابكەیی سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و رەوەندی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد سەرقاڵن پرۆژەیێک بۆ رەوەندی كوردستانی ئامادەبكەن، كە لەسەرئاستی كوردستان و عێراق هیچ یاسایێک بۆ ئەو لایەنە نییە، چوونكە هێزێكی گەورەی مرۆیی لەدەرەوەی كوردستان هەیە دەبێت ماف و ئیمتیازاتیان هەبێت و ئاشت بكرێنەوە و لەگەڵ دەزگاكانی كوردستان هەماهەنگی بكەن، ئەوانیش پابەندی چی دەبن و دەبێت چیان بۆ بكرێت لە یاساكەدا رێكبخرێن.
ناوبراو وتیشی "ئێستا دوو لیژنە پێكهاتووە رەشنووسی بۆ ئامادە دەكرێت، لیژنەیێک دوای ئەوەی حكوومەت پێكهات تا بۆچوونی حكوومەتی هەرێم وەربگرێت و رەوەندی كوردی و پسپۆڕان قسەی لەسەر بكەن و ببێتە یاسا، هەروەها لیژنەیێكی دیكەی هونەری پێكهێنراوە بۆ ئامادەكاری لۆجستی".
لەبارەی ژمارەی رەوەندی كوردی لە دەرەوەی كوردستانیش، رێبوار بابكەیی باسی لەوەكرد، تا ئێستا هیچ ئامارێكی روون و ورد لەبەردەستیاندا نییە، بۆیە نووسراوێكیان ئاراستەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كوردستان كردووە تا ئامارەكانیان بۆ بنێرن، بەڵام تائێستا چاوەڕوانی وەڵامن.
سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment