باڵیۆزی تورکیا له‌ به‌غدا: پێویستمان به‌ ڕێککه‌وتنێکی سه‌ربازیی به‌رفراوان له‌گه‌ڵ عێراق ده‌بێت

به‌شی تورکیا- باڵیۆزی تورکیا له‌ به‌غدا باس له‌ ده‌ست پێکردنی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر بنکه‌ی په‌که‌که‌ له‌ باکووری عێراق ده‌کات و ده‌ڵێت: له‌ ڕۆژانی داهاتوودا دانووستان له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنێکی سه‌ربازیی به‌رفراوان له‌ نێوان عێراق و تورکیا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌که‌که‌ ده‌گاته‌ ئه‌نجام.

کوردپرێس:

فاتح یڵدیز باڵیۆزی تورکیا له‌ به‌غدا گفتوگۆیێکی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ئایدینلگ ئه‌نجام دا و سه‌باره‌ت به‌ ده‌ست پێکردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر بنکه‌ی په‌که‌که‌ له‌ باکووری عێراق ڕای‌گه‌یاند: له‌ ڕۆژانی داهاتوودا دانووستان بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێککه‌وتنێکی به‌ربڵاوی سه‌ربازی له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌که‌که‌ له‌لایه‌ن تورکیا و عێراقه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌نجام. له‌ دیداری ئه‌مدواییه‌ی نێوان ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق تیشک خراوه‌ته‌ سه‌ر هاوکارییه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌کانی نێوان دوو وڵات و ئه‌م هاوکارییانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا ئاراسته‌ کراون. بۆ کۆنتڕۆڵی زیاتری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق له‌سه‌ر هه‌ندێک ناوچه‌ وه‌ک شنگال و مه‌خموور که‌ هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌و شوێنانه‌دان پێویستمان به‌ هاوکاری و هاوئاهه‌نگیی باشتر هه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کارای ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌. ئه‌م ناوچانه‌ تا ئه‌کته‌وبری 2017 له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی هه‌رێمی کوردستاندا بوون و پاش 2017 ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ کران به‌تایبه‌ت که‌رکووک، شنگال و مه‌خموور هه‌ر بۆیه‌ زه‌رووره‌تی ڕێککه‌وتنێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌م بابه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا ڕاشی‌گه‌یاند: له‌لایێکه‌وه‌ بازنه‌ی هاوکارییه‌ سه‌ربازییه‌کانی نێوان عێراق و تورکیا زۆر به‌رته‌سکه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ باس له‌ پڕۆسه‌یێک ده‌که‌ین که‌ دۆسیه‌ ئه‌منییه‌کان ده‌خاته‌ ده‌ستووری کاره‌وه‌. پێویستمان به‌ هاوکارییێکی سه‌ربازی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم هه‌یه‌. له‌ ئێستادا پڕۆسه‌یێک هه‌یه‌ که‌ ده‌بێ پێداچوونه‌وه‌ له‌سه‌ر هاوکاریی سه‌ربازیی دوو لایه‌ندا بکه‌ین. ورده‌کارییه‌کانی ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریی دوو وڵات و هه‌روه‌ها سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌واڵگریی دوو وڵاتدا داده‌ڕێژرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53990

Your Comment

You are replying to: .
captcha