HDP لیژنه‌یێکی ڕاستی‌دۆزی بۆ ئیدعای ئه‌شکه‌نجه‌ له‌ ئۆرفا پێکده‌هێنێت

به‌شی تورکیا- به‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگوباسه‌کان له‌سه‌ر ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌ستگیرکراوانی شارۆچكه‌ی هالفه‌تی سه‌ر به‌ ئۆرفا که‌ هاوپه‌یوه‌ند به‌ دۆسیه‌ی پێکدادانی هێزی پۆلیسی تورکیا له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی په‌که‌که‌ و کوژرانی یاریده‌ده‌رێكی لێكۆڵه‌ری پۆلیس ده‌ستگیر کراون پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) بۆ به‌دواداچوونی ئیدعای ئه‌شکه‌نجه لیژنه‌یێکی ڕاستی‌دۆزی‌ له‌ لقی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری پۆلیس و ناوه‌ندی جه‌نده‌رمه‌ی ئۆرفا پێکهێنا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌ندێک ده‌نگوباس له‌سه‌ر ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌ستگیرکراوانی شارۆچكه‌ی هالفه‌تی سه‌ر به‌ ئۆرفا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ که‌ هاوپه‌یوه‌ند به‌ دۆسیه‌ی پێکدادانی هێزی پۆلیسی تورکیا له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی په‌که‌که‌ و کوژرانی یاریده‌ده‌رێكی لێكۆڵه‌ری پۆلیس ده‌ستگیر کراون به‌م بۆنه‌شه‌وه‌ پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) بۆ به‌دواداچوونی ئیدعای ئه‌شکه‌نجه‌ لیژنه‌یێکی ڕاستی‌دۆزی له‌ لقی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری پۆلیس و ناوه‌ندی جه‌نده‌رمه‌ی ئۆرفا پێکهێنا.

ئه‌م کۆمیته‌ که‌ نیعمه‌توڵڵا ئه‌ردۆغموش، عومه‌ر ئۆجه‌لان په‌رله‌مانتارانی شانلی ئۆرفا و ژماره‌یێک له‌ ئه‌ندامانی ناوه‌ندی هه‌ده‌په‌ و ئه‌ندامانی ته‌شکیلاتی هه‌ده‌په‌ له‌ پارێزگای شانلی ئۆرفا له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانییان ساز کرد و ئه‌ردۆغموش ئاماژه‌ی به‌ ئیدعای ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌ستگیرکراوانی شارۆچکه‌ی هالفه‌تی کرد و ڕای‌گه‌یاند: به‌ره‌وڕووی ڕووداوێک بووینه‌ته‌وه‌ که‌ ویژدانی گشتی له‌ ئۆرفا زامدار کردووه‌. له‌ 18ی مه‌ی تاکوو ئێستا ده‌یان که‌س له‌ ناوچه‌ی هالفه‌تی و بۆزوڤا ده‌ستگیر کراون که‌ له‌ ناویاندا منداڵی ته‌مه‌ن 13 ساڵ و پیره‌پیاوی ته‌مه‌ن 70 ساڵ ده‌بینرێت و پارێزه‌رانیان ڕایان‌گه‌یاندووه‌ که‌ له‌ زینداندا ئه‌شکه‌نجه‌ی سه‌خت دراون و سووکایه‌تییان پێ کراوه‌. ئه‌م که‌سانه‌ که‌ لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌کان له‌سه‌ر جه‌سته‌یان دیاره‌ واده‌ی ده‌ستگیرکردنیان درێژ کراوه‌ته‌وه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا ڕاشی‌گه‌یاند: ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بزانین فه‌رمانی ئه‌شکه‌نجه‌ له‌لایه‌ن چ که‌سگه‌لێکه‌وه‌ ده‌رکراوه‌ لیژنه‌یێکی ڕاستی‌دۆزیمان پێکهێناوه‌. داوای دیدارمان ئاراسته‌ی دادستێنی کۆماری شانلی ئۆرفا و پارێزگار کردووه‌ به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامی داواکارییه‌که‌ی ئێمه‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌. تا ئێستا هیچ که‌س له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌هاتۆته‌ ده‌نگ و تێکڕای ئه‌مانه‌ دروستی ئیدعاکان نیشان ده‌دات و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تیش له‌م ڕووداوانه‌ ئاگادارن. په‌ڕاوی یاسایی دژ به‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که ده‌ستیان له‌م کاره‌دا بووه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ینی یاشام

هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=45873

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53849

Your Comment

You are replying to: .
captcha