کوردپرێس:
ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند گومانی ئەوە دەکرێت کە کوردی سووریا منداڵانی داعشی دوور لە دایکەکانیان و لە زیندانە شاراوەکاندا زیندانی کردبێت و ئەوانەش ئەو منداڵانەن کە باوەکانیان ئەندامی داعش بوون.
نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سووریا دەڵێت پێ دەچێت ئەو منداڵانە کە تەمەنیان لە سەرووی 12 ساڵەوەیە لە حەسەکە دەستبەسەر کرابن. ئەو زیندانییانە ڕێگەیان پێنادرێت چاویان بە بنەماڵەکانیان بکەوێت و شوێنی هێشتنەوە و زیندانی کرانیشیان بە بنەماڵەکانیان ناوترێت.
نەتەوەیەکگرتووەکان بەبۆنەی ئەو هەواڵانەوە ڕەخنەی لە کوردی سووریا گرتووە و داوای باشتر کردنی ئەو دۆخە دەکات.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە نزیکەی 29 هەزار منداڵی بیانی لە سووریا لەگەڵ بنەماڵەکانیان دەژین کە 20 هەزار کەسیان عێراقین و نزیکەی 9 هەزار کەسیشیان منداڵی ئەو دایک و باوکانەن کە کە لە 60 وڵاتی بیانییەوە چوونەتە ڕیزەکانی داعش.
نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەشی وتووە کە نزیکگەی هەزار منداڵی چەکدارانی داعش لە عێراق هەن کە بوونەتە قوربانیی جەنگ.
نەتەوەیەکگرتووەکان لە حاڵێکدا ئەو ڕەخنەیە لە کوردی سووریا دەگرێت کە بەرپرسانی کورد ڕایانگەیاندووە توانا و ئیمکاناتی پێویستیان بۆ گلدانەوەی دیلەکانی داعش نیە و پێویستە وڵاتانی بیانی زووبەزوو پڕۆسەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتییانی خۆیان دەست پێبکەن.
Your Comment