وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمریکا بە جووڵاندنی هێز یارییێکی ئێجگار مەترسیداری دەست پێکردووە

بەشی ئێران- محەمەد جەواد زەریف لە لێدوانێکدا وتوویەتی ئەمریکا بەم جووڵە سەربازییانەی یارییێکی ئێجگار مەترسیداری دەست پێکردووە و تا ئەو کاتەی ئەمریکا پێبەند نەبێت بە پەیمانە دەولییەکان و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا ڕێز بۆ ئێران دانەنێت، تاران لەگەڵ دەوڵەتی ترەمپ دانووستاندن ناکات.

کوردپرێس:

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەمریکا بەم هێزجووڵاندنە لە ناوچەکەدا یارییێکی ئێجگار مەترسیداری دەست پێکردووە.

زەریف ڕەخنەی لە ئەمریکا گرتووە کە کەشتیی جەنگی و فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئابراهام لینکلێن"ی ناردووەتە کەنداو و فڕۆکەی بۆمبهەڵگریشی زیاد کردووە.

ناوبراو گوتیشی: کۆکردنەوەی ئەو هەموو کەرەستە سەربازییە لە ناوچەیێک بە ڕووبەری کەمەوە خۆی لە خۆیدا زەمینەخۆشکەرە بۆ ڕوودانی هەر ڕووداوێکی مەترسیدار. بۆیە پێویستە زۆر وریا بین. ئەمریکا یارییێکی ئێجگار مەترسیداری دەست پێکردووە.

زەریف دووپاتیشی کردەوە کە ئێران هەرگیز چۆک بۆ هەڕەشەکان دانادات و لە حاڵەتی گوشاردا هەرگیز ئامادە نیە دانووستاندن بکات. بۆیە بەوتەی زەریف ئەمریکا ناتوانێت لە لایێکەوە گوشارەکان زیاد بکات و لە لایێکی دیکەشەوە داوای گفتوگۆ بکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە تاکە ڕێگای پێوەندی کردن و ئاسایی بوونەوەی پێوەندی ئەوەیە دوو لایەن ڕێز لە بەرانبەرەکەیان بگرن نەک ئەوەی هەڕەشە لە یەکتر بکەن.

News Code 53830

Your Comment

You are replying to: .
captcha