پارتی هۆکاری شکستهێنانی هەوڵەکانە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەتوندی ڕەخنە لەم بابەتە دەگرێت کە بۆچی چارەسەر کردنی پرسی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان لە ئەولەویەتی کاریی حکوومەتی هەرێم و دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا نییە.

کوردپرێس: لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکانی کەرکووک بووەتە ڕۆژەڤی میدیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. سێهەمین جارە کە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنێک بە مەبەستی بڕیاردان لەباەری ئیدارەدانی پارێزگاکە شکست دێنێت و شەڕی نێوان کورد و عەرەب لەسەر موڵک و ماڵ و هەروەها سەرهەڵدانەوەی جموجووڵەکانی داعش لەو بابەتە گرنگانەیە کە لەم ڕۆژانەدا لەباەری کەرکووکەوە دەبیسرێن.

ئەحمەد عەسکەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی دۆخی ئەمنیی کەرکووک وتی: ڕێکخراوی داعش وردە وردە کەوتووەتە و جموجووڵ و پەلاماری بنەکەکانی پۆلیس دەدات و دەچنە سەر ماڵی خەڵک و ڕێگرتن لە خەڵک بەشەو و بە ڕۆژ لە لایەن داعشەوە ئەنجام دەدرێت.

عەسکەری زیادی کرد: لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە هانی هەندێک عەرەبی هاوردە دەدرێت کە موڵکی کورد داگیر بکەن بەو بیانووە کە پێشتر لە کاتی تەعریبدا ئەو موڵک و ماڵە بەسەر ئەواندا دابەش کراوە. بەگشتی هەوڵێکی هەمە لایەنە لە ئارادایە بۆ زیندوو کردنەوەی دۆخی سەردەمی تەعریب لە کەرکووک کە بەشێوەیێکی ڕێکخراوەیی جێبەجێ دەکرێت.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە درێژەدا ئاماژەی دا بە هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی ئێستا و گرژیی نێوان عەرەب و کورد لە کەرکووک و وتی: هەوڵی زۆر دراوە بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە و هەموو لایەنێک لە مەترسیی تەعریب ئاگادار کراونەتەوە، ئەم کارە کارێکی نابەجێیە و ڕێگەی پێنادرێت چوونکە هەوڵ ئەدەن بۆ ترساندنی جووتیاری کورد و چۆڵ کردنی ئەو گوندانە لەژێر دەستی جووتیارە کوردەکاندایە.

لە 16ی ئاکتەوبری 2017وە کە کونترۆڵی سەربازی و ئیدرای کەرکووک و دیکەی ناوچە کێشەلەسەرەکان کەوتە دەستی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، کوردەکان کە زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیان بەدەستۆیە، شکستیان هێناوە لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیێک بەمەبەستی دەستنیشان کردنی پارێزگاری کەرکووک کە بەپێی هەڵبژاردن ئیستیحقاقی کوردەکانە هۆکارەکەشی بۆ ناکۆکیی نێوان حزبە کوردییەکان دەگەڕێتەوە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە خەتابار دەزانێت و دەڵێت: ئەوە خەتای ئەندامەکانی ئەنجومەنی پارێزگایە کە شکستیان هێناوە و ناتوانن کۆ ببنەوە لەم نێوانەشدا پارتی دیموکرات زۆرینەی ئەندامەکانی لیستی برایەتی گرتووە کە ئەوانیش نایێنە ناو مەوزووعەکەوە. ئەوان جەخت لەمە دەکەنەوە کە کەرکووک داگیر کراوە و ئامادە نین لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگادا ئامادە بن. لە لایێکی دیکەوە لایەنەکانی عەرەبی و تورکمانی ئەم وەزعەیان پێخۆشە. هەندێک لە تورکمانەکانیش ناکۆکن بۆ خۆیان لەسەر کۆمەڵێک مەسائیل کە پێوەندی هەیە بە سیاسەتی دوەلی و سیاسەتی حزبەکانیانەوە.

لەماوەی چەند هەفتەی دواییدا ژمارەیێک لە سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی باسیان لە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی کردووە لەسەر کەرکووک، ئەحمەد عەسکەری لەمبارەوە دەڵێت: ئەوان دەڵێن ڕێککەوتوون بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێککەوتنە هیچ هەنگاوێکی عەمەلیی لێنەهاتووەتە پێشەوە واتا لەسەر عەرزی واقیعدا هیچ گۆڕانکارییێک نابیندرێت.

یەکێتیی نیشتمانی جەخت لە ڕێککەوتنی نێوماڵی کورد دەکات و هەروەها دیاری کردنی پارێزگارێکی کوردی سەربە یەکێتی و پاشان هەوڵدان بۆ ئاسایی کردنەوەی دەۆخەکە، لەبەرامبەردا پارتی سیاسەتی خۆی لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەمەبەستی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک و هەروەها هەڵبژاردنی کەسێکی بێ لایەنی کورد کە سەربە هیچ حزبێک نەبێت داڕشتووە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەمبارەوە کە ئایا چارەسەر کردنی دۆخەکە لە بەغداوە ئیمکانی دەبێت یان لە گفتوگۆی نێوان کوردەکان وتی: هەردووی ئەم بابەتانە دەوریان هەیە لە چارەسەر کردنی کێشەکەدا، من پێموایە تا ئێستا گفتوگۆیێکی تەواو لەمبارەوە ئەنجام نەدراوە. مەسەلەی بوودجە و پرسی دارایی پێش مەسەلەی کەرکووک خراوە و هیچ کاتێک کەرکووک و دیکەی ناوچە کێشەلەسەرەکان وەکوو بابەتی سەرەکی گفتوگۆی لەسەر نەکراوە.

* دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53799

Your Comment

You are replying to: .
captcha