ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی عێراق کوژران و برینداربوونی 33 چه‌کداری حه‌شدی شه‌عبی لێکه‌وته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕێکخراوی حه‌شدی شه‌عبی باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ بۆمبێکی چێندراو له‌سه‌ر ڕێگای پاسی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی عێراق ته‌قیوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامدا کوژران و برینداربوونی 33 چه‌کداری حه‌شدی شه‌عبی لێکه‌وتۆته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕێکخراوی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ڕێگای ڕاگه‌یێندراوێکه‌وه‌ باسی له‌وه‌ کرد که ‌ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 19ی 5ی 2019 پاسێکی گواستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ قه‌زای به‌له‌درووز له‌ پارێزگای دیاله‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێکی چێندراو کراوه‌ته‌ ئامانج که‌ له‌ ئه‌نجامدا حه‌وت چه‌کداری حه‌شدی شه‌عبی گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و 26ی دیکه‌ش بریندار بوونه‌.

حه‌شدی شه‌عبی ته‌ئکید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه که‌‌ ده‌ستبه‌جێ دانیشتوان و هێزه‌کانی بنکه‌ی به‌رگریی شارستانیی به‌له‌درووز گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی ڕووداوه‌که‌ و بریندارانیان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی حکوومی شاری به‌عقووبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله‌ گواستۆته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌م ڕووداوه‌ ڕێگری له‌ به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ دابین‌کردنی ئاسایشی پارێزگای دیاله‌ و پاککردنه‌وه‌ی له‌ چه‌کدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش ده‌کات.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رگریی شارستانیی پارێزگای دیاله له‌ ڕێگای به‌یاننامه‌یێکه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاندبوو: به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی پاسێکی حه‌شدی شه‌عبی له‌ شاری به‌له‌درووز شه‌ش چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 28ی دیکه‌ش بریندار بوونه‌.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53795

Your Comment

You are replying to: .
captcha