پارێزگاری که‌رکووک به‌وه‌کاله‌ت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کورد له‌سه‌ر دابه‌ش‌کردنی پۆسته‌کان ئاشکرا ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پارێزگاری که‌رکووک به‌وه‌کاله‌ت باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌سه‌ر دابه‌ش‌کردنی پۆسته‌کانی پارێزگا له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و پارتی له‌ گفتوگۆدان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕاکان سه‌عید جبووری پارێزگاری که‌رکووک به‌وه‌کاله‌ت که‌ پاش وه‌لاوه‌نانی نه‌جمه‌ددین که‌ریم پارێزگاری کوردی پێشوو و له‌ ساڵی 2017 به‌ شێوه‌ی کاتی بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشان کرا له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: له‌ ئێستادا لێکتێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌ نێوان پێکهاته‌کانی که‌رکووک بۆ دابه‌ش‌کردنی پۆسته‌کان.

ناوبراو گوتیشی: له‌سه‌ر دابه‌ش‌کردنی پۆسته‌کانی پارێزگای که‌رکووک له‌گه‌ڵ یه‌کێتى له‌ گفتوگۆداین، له‌گه‌ڵ پارتیشدا له ‌ڕێى لیژنه‌یێکى په‌رله‌مانى ئه‌و حیزبه‌وه‌ له‌ گفتوگۆداین.

ڕاکان جبورى باسى له‌ ڕووداوه‌کانى گوندى په‌ڵکانه‌ کرد و وتى: "ئه‌و ڕووداوانه‌ى له‌ گوندى په‌ڵکانه‌ یاسایین و ئه‌وه‌ى ئه‌زانێ زوڵمى لێ کراوه‌ با بچێت له‌ دادگا شکات بکات".

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى هاتوونه‌ته‌وه‌ بۆ گوندى په‌ڵکانه‌ له‌ عه‌شیره‌تى شه‌ممه‌رن و له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکى دوبز و سه‌رگه‌ڕانن و مادده‌ى 140 نایانگرێته‌وه‌ و دادگاش به‌پێى یاساى ژماره‌ 117ى گرێبه‌سته‌ کشتوکاڵییه‌کان زه‌وییه‌کانى بۆ گێڕاونه‌ته‌وه.‌"

جبوورى له‌باره‌ى خێزانه‌ کورده‌کانى په‌ڵکانه‌شه‌وه‌ زیادی کرد: "7 خێزانیان خه‌ڵکى مه‌هابادى ئێرانن و دوو خێزانیش خه‌ڵکى مه‌خموور و دوو خێزانى‌تر خه‌ڵکى هه‌ولێرن که‌ یه‌کێکیان ڕه‌گه‌زنامه‌ى ئه‌ڵمانى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چوار خێزانى سووریا."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53784

Your Comment

You are replying to: .
captcha