کوردپرێس:
تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند دەغڵودانی گوندی مەنسوور لە حەفتەغار و باشووری داقوق سووتێنراوە و هاوکات دەغڵودانی گوندی قەرە دەرە لە سنووری قەزای دوبز سووتێنراوە.
تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی ڕاشیگەیاند، ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی چەند گوندێکی تریش بەردراوە، دەنگۆی ئەوە هەیە ئەو ناوچە کشتوکاڵیانە داعش ئاگری تێبەردابێت.
هاوکات قەیس میرزایی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک بە ئێن ئاڕتی ڕاگەیاند ، شەوی ڕابردوو لە گوندی قەرەدەرەی ناحیەی دووبز ئاگر لە دەغڵ و دانی ناوچەکە کەوتەوە و تیمەکانی بەرگری و شارستانی توانیویانە کۆنتڕۆڵی بکەن، لە ناحیەی ڕیاز و قەزای حەویجەش بە هەمان شێوە ئاگر کەوتووەتەوە و دواتر ئاگرەکە کۆنتڕڵ کراوە .
ناوبراو سەبارەت بەهۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە وتیشی، تا ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە و لێژنەیێکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە، هەرچەندە گومان دەکرێت چەکدارانی داعش سووتاندبێتیان، بەڵام ئەوان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە هەمان شەودا لە سنوورى خانەقین ئاگرێک لە ڕووبەرێک پوش و پاوان و دەغڵودانى جووتیارانى خانەقین بەردراوە و تائێستاش زیانەکانى نازانرێت.
Your Comment