حه‌لبووسی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوای کورد بۆ پێكهێنانه‌وه‌ی لیژنه‌ی ماده‌ی 140 ده‌ربڕی

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق داوایان کرد لیژنه‌ی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور پێکبهێنرێته‌وه‌ که‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش ڕه‌زامه‌ندی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ ده‌ربڕی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 18ی ئایاری 2019 سه‌رۆکی هه‌فت فراکسیۆنی کوردستانی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نامه‌یێکیان ئاراسته‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی په‌رله‌مان کرد و داوایان کرد دووباره‌ لیژنه‌ی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری ئه‌و وڵاته‌ پێکبهێنرێته‌وه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی نێوان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.

سه‌رۆكی هه‌ر هه‌فت فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ نامه‌که‌یاندا ڕایان‌گه‌یاندووه‌ که‌ پاراستنی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ ده‌بێته‌هۆی كێشه‌ و ناكۆكی و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر مافه‌كان به‌تایبه‌تی له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراق به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، كه‌ ناو به ‌ناو مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات و ده‌بێته‌هۆی دروستبوونی تێكچوونی ڕه‌وشی ئه‌منی كه‌ كۆنتڕۆڵ كردنی و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌سته‌م ده‌بێت بۆیه‌ پێویسته‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان لیژنه‌ی كاتی بۆ چاودێری كردنی جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی 140 پێكبهێنرێت.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق داوای فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان بۆ پێکهێنانه‌وه‌ی لیژنه‌ی 140ی ده‌ستووری قبووڵ کردووه‌ و حه‌سه‌ن که‌عبی جێگری یه‌که‌می سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ڕاسپاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داوا له‌ فراکسیۆنه‌کانی په‌رله‌مان بکات که‌ کاندیداکانیان بۆ ئه‌ندامێتی له‌ کۆمیسیۆنی ئاماژه‌پێکراو بناسێنن.

شایانی باسه‌؛ ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق په‌یوه‌ندی به‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان یان به‌ واتایێکی‌تر ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم هه‌یه‌ که‌ پارێزگاکانی که‌رکووک، نه‌ینه‌وا، دیاله‌، سه‌لاحه‌دین و واست له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌ شوێنێک که‌ هه‌ردوولا له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردن و به‌کارهێنانی سه‌رچاوه‌ نه‌وتییه‌کان ناکۆکییان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی به‌غداد ئه‌لیه‌وم

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53761

Your Comment

You are replying to: .
captcha