بەرهەم ساڵح و باڵیۆزی ئێران بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق بەرھەم ساڵح لە بەغدا پێشوازی کرد له‌ ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لەو وڵاتە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە میانی دیدارەکەدا باس لە دوا پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە کرا، ھاوکات جەخت لە پێویستی گفتوگۆیێکی ئیجابی کرایەوە بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و بەرقەرارکردنی ئارامی و سەقامگیری بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی گشت گەلانی ناوچەکەدا بێت.

لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی گفتوگۆی دوولایەنەکەوە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ئەم دیدارە لە کاتێکدا ئەنجام دەبێت کە میدیاکانی عێراق باس لە هەوڵی بەرپرسانی وڵاتەکەیان دەکەن بەتایبەت بەرهەم ساڵح بۆ دابەزاندنی گرژیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.

لەلایێکی دیکەوە ماڵپەڕی ئیندیپێندنتی عەرەبی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بەمەبەستی دروست کردنی کەناڵێکی پێوەندیدەری کارامە لەنێوان واشنتن و تاران و ڕێگری کردن لە شەڕی نێوانیان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆی کردووە.

هەروەها ئەمیر ساعدی شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵدەریی مەعلوومەدا ئیدیعای کرد عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی دەرکردووە لیژنەیێکی باڵای دانووستانکار بە بەرپرسیارێتی ژمارەیێک لە بەرپرسانی باڵای عێراق پێکبهێندرێت تاکوو بۆ ناوبژیڤانی لەنێوان ئێران و ئەمریکا دەسبەکار ببن.

ساعدی لەمبارەوە زیاتر وتی: سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە کۆمیتەیێکی دانووستانکاری باڵا لە هەریەک لە محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق، مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و فالح فەیاز سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی پێکبهێندرێت.

ئەم شرۆڤەکارە عێراقییە ئاشکراشی کرد کۆمیتەکە ئامادەیە عێراق بەجێبێڵێت و گفتوگۆکان لەگەڵ هەموو لایەنە پێوەندیدارەکاندا بۆ ڕێگری کردن لە پێکدادانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەست پێبکات.

هاوکات مەسعوود عەبدولخالق بەڕێوەبەری standardkurd بە کوردپرێسی وت: بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بژاردەیێکی باشە بۆ ناوبژیڤانی لەنێوان ئێران و ئەمریکا و زیادی کرد: ئێستا کەسێک کورسیی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی بەدەستۆیە کە کارامە و چالاکە و پێگەیێکی نێونەتەوەیی بەرزی هەیە و دەتوانێت لە موناقیشەکاندا ڕۆڵ بگێڕێت. ناوبراو دەبێت هەوڵی ڕێگری کردن لەشەڕ بدات چوونکە شەڕی نێوان ئەم دوو هێزە خەساری زۆر لە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53757

Your Comment

You are replying to: .
captcha