به‌غدا داوای هاوکاریی زیاتری به‌ریتانیا بۆ ڕێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ته‌نگه‌ژه‌ له‌ ناوچه‌که‌ ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا کۆ بوویه‌وه‌ و باسی له‌ خواستی ئه‌و وڵاته‌ کرد بۆ هه‌وڵی هاوبه‌شی ئه‌و وڵاته‌ به‌ مه‌به‌ستی ڕێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ته‌نگه‌ژه‌ و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یران له‌ ناوچه‌که‌دا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 17ی ئایاری 2019 نووسینگه‌ی محه‌مه‌د عه‌لی حه‌کیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاند که‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ جرمی هانت هاوتا به‌ریتانییه‌که‌ی دیدار و گفتوگۆی کردووه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا هه‌ندێک بابه‌تی هه‌رێمی و ده‌ولی خراونه‌ته‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا باس له‌وه‌ کراوه‌ که‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ دیداره‌که‌دا ڕای‌گه‌یاندووه‌: ئه‌مڕۆکه‌ عێراق شوێنێکه‌ بۆ کۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو وڵاتان هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ له‌ هه‌ر جۆره‌ پێکدادان به‌ دوور بێت که‌ مومکینه‌ پڕۆسه‌ی گه‌شه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی وڵات دوا بخات.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق زیادی کرد: ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئه‌مه‌یه‌ که‌ هاوکاریی نێوان شه‌ریکه‌کان درێژه‌ی ببێت و بۆ ڕێگری له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ته‌نگه‌ژه‌ی ناوچه‌که‌ -که‌ ئێستا له‌ نێوان ئێران و ئه‌مریکا له‌ئارادایه-‌ و هه‌روه‌ها ڕێگرتن له‌ هه‌ر جۆره‌ کارێک که‌ مومکینه‌ دۆخی ناوچه‌که‌ قه‌یراناویتر بکاته‌وه‌ ده‌بێ به‌ شێوه‌یێکی هه‌ماهه‌نگ هه‌نگاو هه‌ڵبگیردرێت.

ناوبراو ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی ئه‌م ڕوانگه‌ له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا وه‌ک وڵاتێکی دانووستانکاری ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران کرده‌وه‌ و جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ له‌نده‌ن ده‌توانێت ده‌ورێکی کارا له‌ که‌م‌کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ی نێوان واشنتۆن و تاران ببینێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ کۆتاییدا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر پێویستی ڕاگۆڕینه‌وه‌ی گونجاو له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی ئێستا کرده‌وه‌ به‌ ئامانجی پته‌وکردنی سه‌قامگیری و ڕه‌خساندنی که‌شێکی باش بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئاسایش و گه‌شه‌ و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی عێراق و وڵاتانی که‌نداو له‌ ناوچه‌که‌دا.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53737

Your Comment

You are replying to: .
captcha