کارناسی پرسی کورد: پەیامەکەی ئۆجەلان داخوازی بۆ ئازاد کردنەوەی عەفرین بوو

بەشی جیهان- کارناسێکی پرسی کورد دەڵێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای کردووە کێشەی باکووری سووریا چارە بکرێت و جەختی لە پاراستنی سەروەریی خاکی سووریا کردووەتەوە کە ئەمەش بەمانای کشانەوەی هێزەکانی تورکیایە لە ناوچەی کوردنشینی عەفرین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە پاش هەشت ساڵ داخوازیی بۆ دیدار لەگەڵ نابراو توانییان لەگەڵیدا کۆ ببنەوە. ئۆجەلان لە پەیامێکدا کە لە ڕێگای پارێزەرانیەوە ڕایگەیاندووە جەختی لە چارەسەر کردنی کێشەی باکووری سووریا کردووە بە دوور لە شەڕ و لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەریی خاکی سووریا. ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا جگە لە عەفرین کە تورکیا لە ساڵی 2018 داگیری کرد ئێستا لەژێر کونترۆڵی هێزە کوردەکانی سووریایە.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا وتبووی: "بە رای گشتی رادەگەیێنم کە ئەم دۆخەی ئێستا پێیدا تێپەڕدەبین پێویستی بە سازانە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێ دووربین لە هەر جۆرە جەمسەرگیرییێک و پێویستمان بە دانووستاندنێکی دیموکراسیانەیە، دەتوانین کێشەکانی تورکیا و ناوچەکە بە ئارامی چارەسەر بکەین، واتا بە عەقڵ و سیاسەت و هێزی کولتووری نەوەک بە شەڕ و بەکارهێنانی تووندووتیژیی فیزیکی. لەو باوەڕەداین لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کێشەکانی سووریا بە شێوەیێک کە دووربێت لە فەرهەنگی پێکدادان، هەروەها لە چوارچێوەی یەکێتیی سووریا و بە گرێنتی کرانی دەستووری سووریا، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ و پێگەی هەنووکەیی و بە شێوەیێکی دیموکراسی گەیشتن بە چارەسەر بکرێتە ئامانج. لەم نێوەندەدا پێویستە هەستیاریی تورکیا لەبەرچاو بگیردرێت".

کەمال چۆمانی کارناسی پرسی کورد لە ئەنستیتۆ تەحریر لەبارەی ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان بە گۆڤاری گوڵف نیووزی وت: «داخوازیی ئۆجەلان بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی سووریا بەمانای جەخت کردنە لەسەر کشانەوەی تورکیا لە عەفرین. بەڵام ئەم بابەتە تا ئەو کاتەی هێزە کوردەکانی سووریا لەگەڵ دیمەشق ڕێکنەکەون دەستەبەر ناکرێت.»

ناوبراو لەبارەی داخوازیی ئۆجەلان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ئاشتی لەگەڵ دیمەشق وتی: «ئەگەرچی ئۆجەلان داوای ئاشتی و ئاشتەوایی کردووە بەڵام داوای کردووە ئاشتییەکە لەسەر بنەمای دونیا بینیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بێت و ئەم بابەتەش لەڕێگای جێگیر کردنی سیستەمی حکوومەتی فیدراڵییەوە ئیمکانی دەبێت و لەگەڵ باوەڕی ئۆجەلان کە لەسەر کونفدراڵیزمی دیموکراتیکە یەک دەگرێتەوە.»

کەمال چۆمانی لە کۆتاییدا ئاماژە دەدات بە قەیرانی سووتەمەنی لە سووریا و کونترۆڵی ناوچە نەوت خێزەکان لەلایەن هێزە کوردەکانەوە و زیادی دەکات: ئەم بابەتە دەری دەخات کە کوردەکان هێشتا کارتی گوشاری پێویستیان بۆ دانووستان لەگەڵ دیمەشق بەدەستەوەیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53619

Your Comment

You are replying to: .
captcha