کوردپرێس:
له ماوه‌ى که‌متر له هه‌فته‌یێکدا بۆ سێیه‌مین جار هێزی ئه‌منی هه‌ڵیکوتایه سه‌ر ئۆفیسی سه‌ره‌کیى جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ و چه‌ند ڕۆژێکیشه ژماره‌یێک خۆبه‌خش ده‌ستگیر کراون. هاوکات دیاری ئه‌نوه‌ر ئه‌ندامی فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له په‌رله‌مانی کوردستان دوای هه‌ڵکوتانه سه‌ر ئۆفیسی سه‌ره‌کیی جووڵانه‌وه‌که ڕایگه‌یاند: ئه‌و دۆسیه‌یه‌ى که له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه وه‌ک کارتى فشار به‌رامبه‌ر جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ به‌کاری ده‌هێنن ئه‌رکى پۆلیسه لێکۆڵینه‌وه‌ى تێدا بکات نه‌ک ئاسایش.
ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه حاکم عومه‌ر ئه‌حمه‌د وته‌بێژی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سلێمانی له‌وباره‌یه‌وه به خه‌ندانی گوت: "تا ئێستا پێنج که‌س له ئه‌ندامانی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌ستگیر کراون و پێنج که‌سی دیکه‌شیان فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنیان له‌لایه‌ن دادوه‌ری ئاسایشه‌وه بۆ ده‌رچووه به‌ڵام شوێنیان نادیاره و تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌کراون و هێزه ئه‌منییه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ستگیریان بکه‌ن".
ناوبراو وتیشی: هۆکاری گرتنهکهشیان په‌یوه‌ندی به سكاڵای هه‌ر یه‌ک له په‌رله‌مانتار شادی نه‌وزاد و داواكاری گشتی هه‌یه كه له دادگا سکاڵایان تۆمار کردووه.
حاکم عومه‌ر ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌ش کرد: ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ستگیر کراون ده‌ست به سه‌ر که‌لوپه‌ل و کۆمپیوته‌ره‌کانیاندا گیراوه و به‌ڵگه دۆزراوه‌ته‌وه به‌ڵام له‌به‌ر ڕه‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌کان ناتوانن به‌ڵگه‌کان بخه‌نه‌ڕوو.
ڕۆژی یه‌کی ئه‌م مانگه ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان ڕاگه‌یێندراوێکی بڵاو کرده‌وه و ڕایگه‌یاند: به بڕیاری دادوه‌ری لێکۆڵینه‌وه ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستان چه‌ند که‌سێک له‌و تۆمه‌تبارانه‌ی ده‌ستگیر کرد که له ئۆفیسی سه‌ره‌کیی سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له سلێمانی حه‌شار درابوون.
هه‌مان ڕۆژ سکرتێری دووه‌می شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانی سلێمانیه‌وه له‌سه‌ر دۆسیه‌ی هه‌ڕه‌شه و سووکایه‌تی کردنی به په‌رله‌مانتارانی ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه ده‌ستگیر کرا و سه‌رچاوه‌یێکی تایبه‌ت و ئاگادار له جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به خه‌ندانی گوت: "ئه‌مڕۆ له ناو نووسینگه‌ی سه‌رۆكى جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ له شارى سلێمانى ئه‌و كه‌سه ده‌ستگیر كراوه كه هه‌ڕه‌شه‌ى له په‌رله‌مانتارانى نه‌وه‌ى نوێ كردووه".
ده‌ستگیرکردنی ئه‌ندامانی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ دوای ئه‌وه دێت ڕۆژی 24ی 4 شادی نه‌وزاد په‌رله‌مانتاری فراکسۆنی نه‌وه‌ی نوێ له په‌رله‌مانی کوردستان له کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا باسی له‌وه کرد که پێش ئه‌وه‌ی به‌یاننامه له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید بڵاو بکه‌نه‌وه له ڕێگه‌ی نامه‌یێکه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی گرته‌ی سێکسی و ده‌ستکاریکراویان لێکراوه و وتیشی: "بێده‌نگ نابم و له نزیکترین کاتدا سکاڵا له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید تۆمار ده‌که‌م، چوونکه گومانم نییه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی بتوانێت به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه بکات و هه‌ڕه‌شه له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی جووڵانه‌وه‌که‌ی بکات خراپتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی دیکه‌ی جووڵانه‌وه‌که‌ی ده‌کات".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment