به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 4ی ئایار/ مایۆی 2019 وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق له به‌یاننامه‌یێکدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که له چوارچێوه‌ی گرێبه‌ستی نێوان عێراق و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا پێنج فڕۆکه‌ی ئێف- 16ی ئه‌مریکی گه‌یشتووه‌ته بنکه‌ی ئاسمانیی به‌له‌د كه دواكاروانه.
فه‌ریقی فڕۆكه‌وان ئه‌نوه‌ر حه‌مه ئه‌مین فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی عێراق ئاماده‌ی وه‌رگرتنی ئه‌و پێنج فڕۆكه‌یه بووه له بنكه‌ی ئاسمانی سه‌ربازیی "به‌له‌د".
ناوبراو ڕای‌گه‌یاند: گه‌یشتنی ئه‌و پێنج فڕۆكه‌یه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هێزی ئاسمانیی عێراق ده‌بێت و له هه‌ر دوو ئاستی جه‌نگی و ڕاهێنانیش وڵات به‌هێزتر ده‌كات.
فڕۆكه‌ی ئێف- 16 (F-16 Fighting Falcon) فڕۆكه‌یێكی جه‌نگی فره‌ئه‌ركه و یه‌ک بزوێنه‌ری هه‌یه و به نه‌وه‌ی چواره‌می ئه‌و جۆره فڕۆكه‌یه داده‌نرێت و له‌لایه‌ن كۆمپانیای "جه‌نه‌رال داینامیكس" به‌رهه‌م هێنراوه و دواتریش كۆمپانیای "لۆكهێد مارتن" په‌ره‌ی پێداوه.
ئێف 16 یه‌كێكه له گرنگترین فڕۆكه جه‌نگییه‌كان و به وردی ئامانجه‌كانی له‌سه‌ر زه‌مین ده‌پێكێت و له ڕووی جووڵه‌ی ئاسمانیش تا ئێستا سه‌ركه‌وتووترینه و به چه‌ندین وڵاتی جیهان فرۆشراوه.
شایانی باسه؛ له ئێستادا هێزی ئاسمانیی عێراق جگه له فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری ئێف- 16ی ئه‌مریکی ژماره‌یێک فڕۆکه‌ی "تی 50"ی کۆریای باشوور، "سۆخۆ"ی ڕووسیا و "ئێل 159"ی چێکی هه‌یه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment