کوردپرێس:
نەوەی نوێ ئەو جووڵانەوە سیاسییەیە کە ساڵی 2018 لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە دامەزرا و ٤ کورسیی پەرلەمانی عێراق و 8 کورسیی پەرلەمانی کوردستانی لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەست هێنا. نەوەی نوێ بە گوڕەوە هاتە مەیدان؛ خۆی بە قەبارەیێکی دژی گەندەڵی دەزانی. بەڵام زۆر زوو قورساییەکەی دەرکەوت و زۆری نەخایاند ئینشقاق و گرفتی قورس کەوتە نێو ماڵەکەی و لێکترازان لە جووڵانەوەکەدا دروست بوو. چەند پەرلەمانتارێکی ئەندامی نەوەی نوێ دژی سەرۆکی جووڵانەوەکە وەستان و گوتیان فەلسەفەی دامەزراندنی جووڵانەوەکە کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە ئەوەش لەبەر بەبنەماڵەیی کردنی حیزب و دەخیل کردنی کاروباری بازرگانی لەگەڵ مەرامی سیاسیی جووڵانەوەکە لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە.
ئەگەرچی کازم فاروق سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە فراکسیۆنەکەیان یەک فراکسیۆنە لەناو پەرلەماندا و هیچ دابەشبوونێکیان نییە و جووڵانەوەکەیان لەسەر پرنسیپ و مەبدەئەکانى خۆى بەردەوامە و پابەندە بە بەڵێنەکانییەوە، بەڵام وا دەردەکەوێت کار لە کار ترازاوە و ڕووبەڕووبوونەوەی نەریت و نوێخوازی بە ناوی قەبارەیێکی سیاسییەوە نەخوازەڵا لە کەشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەو ئیدارە نەریتییەوە پێویستی بە خوێندنەوەیێکی قووڵتر و میتۆدۆلۆژییێکی سەردەمییانە هەیە.
لە ئەنجامی لێکترازانەکەدا رۆژی ٢٤ی نیسان، شادی نەوزاد كچە پەرلەمانتاری تەمەن ٢٩ ساڵانی نەوەی نوێ لە كۆنگرەیێكی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم بینای پەرلەمانی كوردستان، بە نیشاندانی نامەیێكی هەڕەشەئامێز كە بۆی نێردرابوو، ڕایگەیاند هەڕەشەی بڵاوکرانەوەی گرتەی سێکسیی لێکراوە و ئەوەش بوو بە هۆی جووڵاندنی دۆسیەیێک دژی چەند کەسێک لە نەوەی نوێ.
هەر بەو پێیەش ڕۆژی چوارشەممە 1ی ئایار هێزێکی ئەمنی بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی گشتی چوونە ناو ئۆفیسی سەرەکیی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و سێ کەسیان دەستبەسەر کرد کە یەکیان کەسی نزیکی شاسوار عەبدولواحیدە و دەوترا سەرۆکی جووڵانەوەکە لە ماڵەکەی خۆیدا حەشاری داون. ئەوەش لە کاتێکدا شاسوار عەبدولواحید لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕایگەیاند کە پێشتر بە دادوەریان وەتووە گومانیان لە هەر کەس ببێت ڕادەستی دەکەن و پێویست بە هەڵکوتان و دەستگیر کردن ناکات.
ئەو سێ کەسە بەپـێی ماددەی 2 لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە ئۆفیسەکەی شاسوار عەبدولواحید دەسـتگیر کراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ كۆی ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەیان بە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆییی پەرلەمانتارەكانیان کردووە بە سیناریۆی دەسەڵات ناودەبات و دەڵێت: ئەو فشارانە نایانترسێنێت.
شاسوار عەبدولواحید لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا ئەم ڕووداوانە بە سیناریۆی قیزەون ناو دەبات و دەڵێت "ئەم سیناریۆ قیزەونانەی دەسەڵات خەڵكێكی زۆر كەم باوەڕی پێدەكات و ئەگەر مەردن هەر شتێكیان هەیە با بۆ ڕای گشتی ئاشكرای بكەن".
هەر لە كۆنفڕانسەكەدا سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ جاری چەندەم هەڕەشەی لە بەرپرسانی حیزبی و حکوومیی یەکێتی کردەوە و ڕایگەیاند، " دەسەڵاتدارانی یەكێتی دڵنیا دەكەمەوە بەم كارانە تەسلیمیان نابین و ڕۆژێك دێت تەرمی دەسەڵاتدارانی یەكێتی لەبەر دەركی سەرا دەكەوێت".
ناوبراو دیسان تۆمەتی خۆفرۆشیی خستە پاڵ هاوڕێیانی پێشووی خۆی و ئەندامانی پێشووی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و ئەوەشی وت، كە گومانیان نییە لە جووڵانەوەكەیاندا خەڵكیان هەبووە لەگەڵ پارتی و یەكێتی دانیشتوون، لەو رووەوە وتی: "گومانمان نییە لەناو نەوەی نوێدا چەند كەسێك هەبوون ئەم شتانەیان دروست كردووە، كڕدراون و دانیشتنی نهێنیان لەگەڵ پارتی و یەكێتی هەبووە لە هەولێر و بەغدا و سلێمانی، هەندێك پەرلەمانتار و خەڵكی بێئەزموون و فەقیر و دڵپاكی ئێمەش بە مەبەست یان بە بێ مەبەست كەوتوونەتە داوای ئەوانەوە".
هاوکات، دەنگی ئەمریکا لە زاری سەرچاوەیێکەوە کە نەیویست ناوی بهێنرێت، ڕایگەیاند لە ئێستادا بۆچوونێک لە ناو دەزگای ئاسایشی هەرێم هەیە، فەرمانی دەسـتگیرکردن بۆ سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەربکرێت، بەپـێی ماددەی 273 ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969 کە دەڵێت هەرکەسێک تۆمەتبارێک بشارێتەوە سزا دەدرێت بە بەندکردن و غەرامەکردن، ئەمە جگە لەوەی لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی و پەرلەمانتارەکەی وتی هەڕەشەی لێکراوە. بەڵام ئێستاش دیار نیە ئایا کۆتاییی چیرۆکی "نوێخوازیی" نەوەی نوێ چی دەبێ و لایەنی دەسەڵات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکات بەڵام هەڕەشەی کوشتن و لەدار دان لە لایەن قەبارەیێکی بچووکەوە لە سیستەمێکی سیاسیدا کە بە دوو قەبارەی زۆرینە و بە دەسەڵاتی دیکە ئیدارە دەکرێت ڕەنگە زۆر ڕەفتارێکی سەرکەوتووی سیاسی نەبێت و لەگەڵ لۆژیکی دیپڵۆماسییەت یەک ناکەوێت و دیار نییە پشوودرێژیی ئەو سیستەمەی لە هەرێمی کوردستان دەسەڵات دەگێڕێت تا چ ئاستێکە و چی ڕوودەدات.
Your Comment