دەقی گفتوگۆی دوکتور سادق محەمەد غەریب ئەندامی لیژنەی زانستیی بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی ئەدەبی زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر لەگەڵ ئاژانسی کوردپرێس بخوێننەوە:
کوردپرێس: مامۆستا ڕا بۆچوونی ئێوە لەسەر بەڕێوەچوونی یەکەمین فێستڤاڵی میدیا کوردییەکان لەشاری سنە چییە؟
سادق محەمەد غەریب: ئەم فێستیڤاڵە مەزنە کە لێرە بەڕێوە دەچێت جێی دەسخۆشی و خۆشحاڵییە ئەگەرچی هاوکات لەگەڵ ئەم فێستیڤاڵەدا لە دیاربەکریش مێهرەجانێک بەڕێوە دەچێت و ئێمە پێمان خۆش بوو لێرە بەشداری بکەین لەبەر ئەوەی کە من هەست دەکەم ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ئێران کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1360ی کۆچی هەتاوی تا ئێستا قۆناغی زۆری بڕیوە و هەوراز و نشێوی زۆری تووش هاتووە، لە هەندێک قۆناغ زۆر پێشکەوتووە و لە هەندێک قۆناغیش ڕەنگە پاشەکشێی کربێت بەڵام ئەوەی کە ئێستا من لەم فێستیڤاڵە دەیبینم بەڕاستی جێی خۆشحاڵییە ژمارەیێکی زۆر هەفتەنامەی مەزن لێرە دەرئەچن لە سنەوە تا مەهابەد و دیکەی شارە کوردنشینەکان.
کوردپرێس: کوالێتیی و ئاستی میدیا کوردییەکان لە ئێران چۆن دەبینن؟
چ لە ڕووی دیزاینەوە چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە میدیا کوردییەکانی ئێران لە ئاستێکی باش و پێشکەوتوودان. پێم وایە ئەم شۆڕشە ڕۆشەنبیرییەی ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕۆڵێکی ئەرێنیی دەبێت لەسەر بەرز کردنەوەی ئاستی ڕۆشەنبیریی تاکەکان هەروەها دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز، بەتایبەتی ئەگەر ئەو ڕۆژنامە و بڵاوکراوانە بە ئاراستەی بەرجەستە کردنی بەهاکانی کۆمەڵگە کاربکەن وەکوو برایەتی و خۆشەویستی بەتایبەت لەبواری ڕۆشنگەری و ئەدەب و هتد کە پڕۆفسۆرانی بواری ڕاگەیاندن لەدێرزەمانەوە تەئکیدیان لەسەرکردووەتەوە کە ڕۆژنامەگەری دەبێتە هۆی پێکەوە گرێدانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.
لەکۆتاییشدا هیوای سەرکەوتن دەخوازم بۆ بەڕێوەبەرانی ئەم فێستیڤاڵە و هەروەها هیوادارم ئەمە یەکەمین و دواهەمین فێستیڤاڵ نەبێت و ساڵانی داهاتوو بەرنامەی جوانتر و ڕۆژنامە و هەفتەنامە و بڵاوکراوەی جوانتر ببینین.
داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment