بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە 29-4-2019، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، لەگەڵ حزب و لایەنە تورکمانییەکان کۆ بووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، ئایدن مەعرووف، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان بە کەناڵی کوردستان 24ی راگەیاندووە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەوولود چاوشئۆغڵو پشتیوانییێکی مەعنەوییە بۆ تورکمانەکانی کوردستان و عێراق.
ئایدن مەعرووف جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ کوردستان، تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە.
ئەو پەرلەمانتارەی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تورکیا خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات و ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش بۆ هەمان مەبەستە.
درەنگانی شەوی یەکشەممە 28-4-2019، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئابووریی و دیپلۆماسی، گەیشتە هەولێر.
ئەمڕۆ دووشەممە مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی و مەولود چاویشئۆغڵو تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرەیان کردووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment