ئیبراهیم کاڵن: کەس چاوه‌ڕوان نەبێت تورکیا پشت لە ئێران بکات

به‌شی تورکیا- گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا که‌ له‌ واشنتۆندایه‌ سه‌باره‌ت به‌ سزاکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران گوتی: کەس چاوه‌ڕوان نەبێت تورکیا پشت لە ئێران بکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیبراهیم کاڵن گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری کردن له‌ كۆنفڕانسی ساڵانه‌ی هاوبه‌شدا كه‌ 37هه‌مینی ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی كاریی توركیا- ئه‌مریكا و ئه‌نجومه‌نی ئه‌مریكی- توركییه‌وه‌ ساز ده‌کرێت له‌ واشنتۆنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی تورکیا-ئه‌مریکا کرد و لێدوانی بۆ میدیاکاره‌ بیانییه‌کان دا و سه‌باره‌ت به‌ دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام له‌سه‌ر سنووری تورکیا- سووریا ڕای‌گه‌یاند: له‌ تورکیا و له‌ ئه‌مریکاش کاره‌کان و کۆبوونه‌وه‌کان درێژه‌یان هه‌یه‌ و به‌ره‌وپێشچوون هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش پێشهاتێکی ئه‌رێنییه‌.

ناوبراو گوتیشی: "باوه‌ڕمان وایه‌ که‌ پێویسته‌ ناوچه‌ی ئارام له‌ ژێر کۆنترۆڵی ئێمه‌دا بێت. پێویسته‌ خۆرهه‌ڵاتی فورات له‌ سه‌رجه‌م پێکهاته‌ تیرۆریستییه‌کان پاک بکرێته‌وه‌ واته‌ PKK/YPG. له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ هه‌ندێک ئاماژه‌ی ئه‌رێنیی به‌دی ده‌كه‌ین سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا- ئه‌مریكا. پێویسته‌ ئه‌مریكا سیاسه‌ته‌که‌ی بگۆڕێت له‌باره‌ی ڕێکخراوی تیرۆریستیی PKK/YPG و بۆ ئاشتی و ئارامی له‌ سووریادا پێویست به‌و لایه‌نانه‌ ناكات. ئێمه‌یش به ‌هیچ شێوه‌یێک نامانه‌وێت دووباره‌ داعش سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ و له‌ هه‌ر شوێنێک بێت چ ئیدلب و چ دێره‌زوور ئاماده‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشین".

كاڵن له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا باسی له‌ سزاكانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران كرد و جه‌ختی کرده‌وه‌: توركیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی به‌خشراوه‌ له‌و سزایانه‌. به‌ به‌هێزترین شێوه‌ داواكاریمان له‌و باره‌یه‌وه‌ گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌مریكا و چاوه‌ڕوانین تورکیا ببه‌خشرێت له‌و سزایانه‌. مرۆڤه‌كان نابێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكه‌ن توركیا پشت بكاته‌ ئێران. ئێمه‌ زیاد له‌ سزاكان زیاتر چاوه‌ڕوانی گرێبه‌ست ده‌كه‌ین. توركیا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پشتیوانی له‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كرد و پێمانوایه‌ پێویسته‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ به‌رده‌وام بێت.

ناوبراو له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا توركیا بیری له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ سزای سه‌ر ئێران جێبه‌جێ بكات یان نا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئێران له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ ده‌سته‌به‌ركارانی سه‌ره‌كیی نه‌وتی توركیا هاوكات دراوسێی توركیایه‌ و له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌ زۆر بابه‌تدا به‌ قۆناغی ئاستاناشه‌وه‌ جووڵه‌ی هاوبه‌شمان هه‌یه‌.

کاڵن سه‌باره‌ت به‌ کڕينی سیسته‌می S-400 له‌ ڕووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ تورکیا ماوه‌ی 10 ساڵه‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌می مووشه‌کیی پاتریۆت بکڕێت و تاکه‌ وڵاتی ناتۆ و یه‌کێکه‌ له‌و چه‌ند وڵاته‌ی که‌ خاوه‌نی سیسته‌مێکی به‌هێزی به‌رگریی ئاسمانیی نییه‌.

گوته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا له‌ کۆتاییدا تیشکی خسته ‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ چاوه‌ڕوانن له ‌به‌رامبه‌ر پڕۆژه‌ پێشنیازی "سزادانی تورکیا" که له‌سه‌ر سیسته‌می S-400 ‌ پێشکه‌ش به‌ کۆنگرێس کراوه‌، تره‌مپ ده‌ستێوه‌ردانێکی بنیاتنه‌رانه‌ بکات و ڕاشی‌گه‌یاند: پێویسته‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا ڕۆڵێکی بنیاتنه‌رانه‌ ببینێت چوونکه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و سزاکان هیچ سوودێکیان نابێت و هیچ ئه‌نجامێکی ئه‌رێنییان لێ ناکه‌وێته‌وه‌. به‌ دڵنیایییه‌وه‌ پێکدادانمان له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا ناوێت به‌ڵام پێویسته‌ هه‌مووان له‌ نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌ ڕه‌واکانی تورکیا تێبگه‌ن.

سه‌رچاوه‌: ته‌له‌فزیۆنیی NTV

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53168

Your Comment

You are replying to: .
captcha