به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د مه‌نفی پارێزگاری موسه‌ننای باشووری عێراق ئه‌نجام دا و ستایشی هه‌وڵه‌كانی ئه‌و پارێزگاریه كرد له پای سه‌رپه‌رشتی كردن و دۆزینه‌وه و نیشان كردنی گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له سنووری بیابانه‌كانی پارێزگاكه كه به جلوبه‌رگ و ئاماژه‌كاندا له هی ئه‌نفاله‌كانی كوردستان ده‌چن و ماوه‌ی دوو ڕۆژه ئاشكرا كراون.
هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د مه‌نفی بۆ داگیرساندنی مۆم و ناردنی په‌یامی برایه‌تی بۆ گه‌لی كورد و قوربانییانی ئه‌نفالی به‌رز نرخاند و به هه‌ڵوێستێكی نیشتمانی به‌رز له قه‌ڵه‌می دا و به ناوی حكوومه‌تی هه‌رێم و كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان و گه‌لی كوردستانه‌وه سوپاسی تایبه‌تی پێشكه‌ش كرد.
هه‌ر له په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی بۆ پارێزگاری موسه‌ننای ڕوون کرده‌وه كه له ساتی بیستنی هه‌واڵه‌كه و دیتنی وێنه‌كانه‌وه له په‌یوه‌ندیدایه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كه به هاوكاریی ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق و وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی هه‌رێمی كوردستان بخرێته به‌رنامه‌ی گرنگیدان و ناسینه‌وه و دیاری كردنی شوناسیان به ئامانجی ئه‌وه‌ی له قۆناغی دواتردا بگه‌رێنرێنه‌وه بۆ خاكی كوردستان و له‌م هه‌نگاوانه‌شدا به‌رده‌وامیی هاوكاریی حكوومه‌تی خۆجێیی موسه‌ننای به پێویست و گرنگ و كاریگه‌ر زانی و ئاگاداریشی کرده‌وه که بڕیاره بۆ هه‌مان مه‌به‌ست وه‌فدێکی وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بکات.
له لای خۆشییه‌وه پارێزگاری موسه‌ننا سوپاسی قوباد تاڵه‌بانی کرد و ئاماژه‌ی به‌وه دا که شه‌ھید و خوێنی کورد، شه‌ھید و خوێنی خۆمانه و چی به ئێمه بکرێت بۆ دۆزینه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی ڕووفاتی قوربانییانی کورد ئاماده‌ین بیکه‌ین، ھه‌روه‌ھا داوای له حکوومه‌تی ھه‌رێم کرد که ھاوکاریان بێت له ناردنی تیمی پسپۆر له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراق بۆ گه‌ڕان و پشکنین به دوای گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان له بیابانه‌کانی پارێزگای موسه‌ننا.
ئه‌م هه‌واڵه له میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان وه‌رگیراوه
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment